ئەنبار
کەسێکی خۆکوژ لە نزیک بازگەیەکی پشکنینی ھێزە ئەمنییەکان لە شاری رومادی کە دەکەوێتە ناوەندی پارێزگای ئەنبار خۆی تەقاندەوە و لە ئاکامدا شەش کەس کوژران و ١٤ی دیکە برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە ھێزەکانی سوپا لە پەرچدانەوەیەکی ھێرشێکی چەکداری داعش توانیویان ١٢ لەو چەکدارانە بکوژن و ھاوکات بە گوللە ھاوەن چەند ناوچەیەکی شاری فەلوجەی سەر بەو پارێزگایە بۆردمانکرا و سێ کەسی سڤیل کوژران و ١٩ی دیکە برینداربوون.
لەوبارەییەوە فەرماندەی ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار ئەحمەد سەداگ دلێمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، شێوە و چیرۆکی کردەوە خۆکوژییەکەی باسکرد و گوتی: "کەسێکی خۆکوژ کە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی لێدەخوری گردبوونەوەیەکی خەڵکی لە نزیک بازگەیەکی پشکنینی ھێزە ئەمنییەکان لەسەر پردێکی ستراتیژی لە باکووری شاری رومادی کردە ئامانج و خۆی پێیاندا تەقاندەوە، لە ئاکامدا شەش کەس کوژران و ١٤ی دیکە برینداربوون."
دلێمی روونیشیکردەوە، ھەر بەھۆی کردەوە خۆکوژییەکەوە زیانێکی زۆری مادی بە پردەکە گەیشتووە.
هەروەها فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار رەشید فلەیح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پەرچدانەوەی ھێرشێکی چەکداریی لە لایەن ھێزەکانی سوپاوە لەو پارێزگایە کرد و گوتی : "ھێزەکانی سوپا لە دەرەوەی شاری فەلوجە بەرپەرچی ھێرشێکی چەکداریی داعشیان داوەتەوە بۆ سەر بازگەی مەزرەعە، کە بە دووری ١٥کلم دەکەوێتە رۆژھەڵاتی فەلوجەوە."
بەپێی ئەوەی فلەیح ئاماژەی پێکرد، لە میانی پەرپەرچدانەوەکەدا ١٢ چەکداری داعش بە گوللەی ھێزەکانی سوپا کوژران.
فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار ئەوەشی ئاشکراکرد، کە چەکدارانی داعش ماڵی فەریق روکن مەرزی مەحلاوی کە گەورە ئەفسەری راوێژکارییە لە وەزارەتی بەرگریی لەگەڵ ١٢ ماڵی دیکە لە شاری قائیم بۆمبڕێژکردووە و ھەموویان تەقاندووەتەوە، بەڵام لە کاتی تەقاندنەوەی ماڵەکاندا ھیچ کەسێکی تیادا نەبووە.
ھاوکات کاربەدەستێکی نەخۆشخانەی گشتیی شاری فەلوجە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی ئەو شارە بۆردمانکراوە و سێ کەسی سڤیل کوژراون و ١٩ی دیکە برینداربوونە.
لەناو کوژراوەکان دوو منداڵ ھەیە و لەناو بریندارەکانیش منداڵێک و دوو ئافرەت ھەیە.
ھێشتا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی بۆردمانەکەی سەر شاری فەلوجەی رانەگەیاندووە و دەسەڵاتدارانی عێراقیش ھیچ لایەکیان تۆمەتبار نەکردووە.