Ramal Mahmood
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ماتیو ریکرۆفت،، لەبارەی راپۆرتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی رژێمی ئەسەد لە حەلەب، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە دەرخستنی بێڕەوشتییە بەئاشکرایی.
ماتیو ریکرۆفت، وەک سەرۆکی خولی ئەنجوومەنی ئاسایش لەمیانی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی هەوڵەکان بۆ سزادانی رژێمی بەشار ئەسەد بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە هێرشەکان و سەلماندنی تاوانەکانی جەنگ لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە لە دوا راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، دوا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا لە رێگەی بەکارهێنانی ڤیتۆوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ناهێڵرێت لێپرسینەوە لەگەڵ رژێمی سووریا بکرێت: "هەردوو وڵات (رووسیا، چین) لەبری ئەوەی داکۆکی لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بکەن لەبارەی قەدەغەکردنی ئەم چەکانە، مافی ڤیتۆ بۆ داکۆکیکردن لە رژێمی ئەسەد بەکاردەهێنن. ئەو دوو وڵاتە لەبری کۆششکردن بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی بەرژەوەندییەکانی دیکتاتۆرێکی مەزهەبگەرایان هەڵبژاردووە".
ماتیو ریکرۆفت، ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئەو وڵاتانە لە بارەی لێپرسینەوە لەگەڵ رژێم و، گوتی: "لە ئێستادا پێدەچێت رێگاکانی بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش داخرابن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوەی هێرشی وەحشیگەرانە لە سووریا ئەنجام دەدات. بژاردەکانی دیکەش تاوتوێ دەکەین".
ناوبراو لەبارەی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریا کە ئاماژەی بەوە دابوو رژێمی ئەسەد و رووسیا بەهێرشە ئاسمانی و هێرشەکانیان بۆسەر کاروانە مرۆییەکان تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە، گوتی: "رژێم بەو کارەی جارێکی دیکە بێڕەوشتی خۆی بەئاشکرایی دەرخست. رژێمی سووریا، گەلی سووریا بەهیچ نازانێت، گەمارۆدان و برسی هێشتنەوەی خەڵک وەک رێبازێکی جەنگ بەکار دەهێنێت".
ماتیو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رەوانەکردنی ئەم بابەتە بۆ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان وەک بەریتانیا ئەوە دەخوازن بەڵام پێدەچێت وڵاتانی داکۆکیکار لە رژێمی بەشار ئەسەد بەردەوام بن لە درێژەدان بەڕەوشەکە بەمجۆرەی ئێستا.