Hemin Hüseyin
28 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2018
هەولێر-AA
دوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بارودۆخی شاری کەرکووک توشی قەیرانێکی ئەمنیی بووەتەوە و بووەتە هۆکارێک کە سەقامگیری لە ناوچەکەدا نەمێنێت و ململانێیە سیاسییەکانیش لە کەرکووک قوڵتربوونەتەوە و، پێکهاتەکانیش کراونەتە ئامانج.
لە شاری کەرکووک، سێ پێکهاتەی سەرەکی دەژین، هەریەک لە کورد، عەرەب و تورکمان و، بە گوتەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، تا ئێستا پێکهاتەی تورکمان رووبەڕووی زۆرترین پەلامار بوونەتەوە و تا ئێستاش هیچ هێز و لایەنیک لەسەر ئەو پەلامار و کارە تیرۆریستییانە دەستگیرنەکراون.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەرکووک تایبەتمەندی خۆی هەیە و شارێکی گرنگە بۆ هەموو پێکهاتەکان، بێگومان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەم گۆرانکارییانە کاریگەری دروست کرد لەسەر پێکهاتەکان و ناوچەکەدا، پێشووتریش ئێمە داوامانکردبوو کە بەشیوەیەکی دیموکراسی، دیالۆگ هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکووک".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "دوای رووداوەکانی کەرکووک، گۆڕانکاری نوێ هات و، کاریگەری خراپی دروستکرد، لەم چوارچێوەیەشدا پێکهاتەی تورکمان بوونە ئامانجی گرووپەکان و، گرووپەکانیش دەیانەوێت رەوشی کەرکووک تێکبدەن و کاریگەری خراپ دروست بکەن لەسەر پەیوەندییەکانی تورکمان و کورد و پێکهاتەکانی دیکە".
رۆژانە رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییان لە شاری کەرکووک ھەیە، هەفتەی رابردوو کارمەندێکی ئاسایش تیرۆرکرا. لە گەڕەکی سەعدونییەش، داعش ژمارەیەک هاووڵاتیی گوللـەبارانکرد و لە جەند رۆژی رابردووشدا چەند پەلامارێک رووبەڕووی بەرەی تورکمانی بووەتەوە و، ئەو ئەندامەی بەرەی تورکمانیش رایدەگەیەنیت کە دوێنێ بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو پەلاماری مامۆستایەکی زانکۆ دراوە کە لە نەتەوەی تورکمانە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پێکهاتەی تورکمان، بە پلەی یەکەم بووەتە ئامانجی گرووپە تیرۆریستییەکان و تا ئێستاش ٢٧ ئەندامی بەرەی تورکمانی تیرۆرکراون و، هێشتا نەزانراوە کە ئەم گرووپانە سەر بە چ لایەنێکن".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "بەداخەوە هەفتەی رابردوو یەکێک کە مامۆستا زانکۆیە شەهیدکراوە، چەند شەوێک پێش ئێستاش پەلاماری بارەگای بەرەی تورکمانی درا و، دوێنێش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو پەلاماری مامۆستایەکی زانکۆدراوە کە لە نەتەوەی تورکمانە، بێگومان ئەوانە دەیانەوێت بارودۆخی ناوچەکە تێکبدەن و، ئێمە حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیاریەتی ئەو بارودۆخە دەزانین".
سەبارەت بە بەدواداچوونی بەرەی تورکمانی بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی کە کێ لە پشت ئەم کردەوانەیە، ئەو ئەندامەی بەرەی تورکمانی عێراقی گوتی: "هەم لە پەرلەمانی عێراق و، پارێزگای کەرکووکیش بەدواداچوونمان کردووە، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم رووداوانە دەستگیرنەکراون، پێویستە ئەوەش بزانین کە ئێمە هیچ کاتێک بەشێک نەبووینە لە هیچ ململانێیەک و، بنەماکانی ئێمە بەرگریکردنە لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و، بە شێوەیەکی دیموکراسی داوای مافەکانی خۆمان کردووە".
پارێزگای کەرکووک، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە نەتەوەکانی کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان و ئاشوورییەکانی تێدا دەژیت و لەماوەی رابردووشدا زۆرترین ململانێ لەسەر ئەو شارە هەبووە و لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، هێزە کوردییەکان دەسەڵاتییان لەوناوچەیەدا گرتە دەست و لە رۆژی ١٦ـی ئۆکتبەری ٢٠١٧دا، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری ئەو شارەیاندا و ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە.