Ruslan Rehimov,Mohammed Baqi Hussein
20 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2017
باكو - AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگه‌یاند، پێویسته سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سووریا به شێوه‌یه‌كی گشتگیر له كۆنگره‌ی گه‌لانی سووریا له سۆچی به‌شداربن.
لاڤرۆڤ كه به سه‌ردانێكی فه‌رمی له ئازه‌ربایجانه، له‌گه‌ڵ ئێلمار مهمهدیارۆڤی هاوتایدا كۆبووه‌وه و دواتر كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان به‌ست.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، لاڤرۆڤ رایگه‌یاند، دوێنێ له ئانتالیا له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی گرنتیكارانی قۆناغی ئاستانا ئێران و توركیا تاوتوێی كۆنگره‌ی گه‌لانی سووریایان كردووه كه بڕیاره له رووسیا به‌ڕێوه‌بچێت.
ناوبراو رایگه‌یاند كه راپۆرتیان له‌وباره‌وه ئاماده‌كردووه كه پێشكه‌شی هه‌ریه‌كه له سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی دەكه‌ن.
لاڤرۆڤ گوتی: "سه‌رۆكی هه‌رسێ وڵات بڕیارده‌ده‌ن كام لە پێكهاتەکان له كۆنگره‌ی گه‌لانی سووریادا به‌شدار دەبن. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كێ بۆ كۆنگره‌كه بانگهێشت ده‌كرێت، ئێمه به پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بڕیاره‌كانی جنێڤ و بڕیاره‌كانی ئاستانا ده‌جووڵێینه‌وه. پێویسته به شێوه‌یه‌كی گشتگیر له حكوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنه‌وه به‌شداری هه‌بێت. له قۆناغی ئاستانادا یه‌كێك له گرنگترین هه‌نگاوه‌كان بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه نراوه. چونكه بۆ یه‌كه‌مجاربوو ئۆپۆزسیۆنی چه‌كدار به‌شدارییان له‌م قۆناغهداكردبوو. قۆناغی ئاستانا له‌م رووه‌وه رۆڵی گرنگی هه‌یه. پێویسته سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سووریا به شێوه‌یه‌كی گشتگیر له كۆنگره‌ی گه‌لانی سووریا له سۆچی به‌شداربن".