Mazın Asad
27 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قەیرانی کۆریای باکوور، رایگەیاند "بژاردەی سەربازیی بژاردەیەکی خوازراو نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئەمە بۆ کۆریای باکوور رووخێنەر دەبێت".
ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، ماریانۆ راخۆی کرد و پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قەیرانی کۆریای باکوور، رایگەیاند "بژاردەی سەربازیی بژاردەیەکی خوازراو نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئەمە بۆ کۆریای باکوور رووخێنەر دەبێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور ھەڕەشە لەسەر گشت جیھان دروست دەکات و راشیگەیاند پێویستە بە تەواوی ئەو وڵاتە لە بەرنامەکەی ئەتۆمی پاک بکرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە ھۆی سنووردارکردنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆریای باکوور، سوپاسی چینی کرد و گوتی: "بە تایبەتی بە ھۆی راگرتنی کاروباری گشت بانکەکانی لەگەڵ کۆریای باکوور، چەپڵە بۆ چین لێ دەدەم".
دۆناڵدر ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئیسپانیا مەشق و راھێنانی بە نزیکەی ٣٠ ھەزار سەربازیی عێراقی کردووە و راشیگەیاند دوژمنی ھاوبەش داعشە، بۆیە پێویستە بە ھاوبەشی رووبەڕووی ببنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی گشتپرسی ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، ترەمپ رایگەیاند "ئیسپانیا وڵاتێکە گەورەیە و پێویستە ئەم وڵاتە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە".
هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، ماریانۆ راخۆی جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی چوارەم وڵاتە کە بەشداری لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کردووە و راشیگەیاند دەیانەوێت رۆڵێکی کارا لە دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق بگێڕن.
راخۆی لەبارەی کۆریای باکوورەوە گوتی: "گوێنەدانی کۆریای باکوور بە داماڵینی چەکەکانی ئەتۆمی، پێشێلکارییەکی ناشەرعی و قبووڵنەکراوی نێودەوڵەتییە. لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا ھەمان ھەڵوێستمان ھەیە و پێکەوە جموجۆڵ دەکەین. کەس نایەوێت لەو ناوچەی جیھان جەنگ بێتە ئاراوە، بەڵام دوا پێشھاتەکانی کۆریای باکوور ئەوەمان نیشان دەدات کە پێویستە بە بەھێزی بوەستین. پشتیوانی لەو سزایانە دەکەین کە تاوەکو ئێستا سەپێنراوە".
سەبارەت بە پێشھاتەکانی ھەرێمی کەتەلۆنیا، راخۆی رایگەیاند "بڕیاری تاکلایەنانەی گشتپرسی سەربەخۆیی بڕیارێک نییە کە من بیدەم. ھاوکات بڕیارێکیش نییە کە لە لایەن ئیدارەی کەتەلۆنیا بدرێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ھەر لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەش دا کە تاوەکو ئێستا کۆمیتەیەکی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کەتەلۆنیا نییە و تەنانەت لە نێو حکوومەتی کەتەلۆنیاش دەستەیەک نییە کە گشتپرسییە بەڕێوە ببات. جەختی لەوەش کردەوە کە لەم ھەڵومەرجی ئێستادا گشتپرسی ھەرێمی کەتەلۆنیا ھیچ شەرعییەتێکی نابێت.