هەولێر - AA
ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم کەمتر لە دوو مانگی ماوە و تاوەکو ئێستاش بەشێک لە وڵاتان کاتی ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بە گونجاو نازانن. لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش چەندین کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵادا کراوە و شاندێکیش بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی چووە پەرلەمانی ئەورووپا و تاوتوێی بابەتەکەی کرد و بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا بۆ هەمان مەبەست، سێ شاندی جیاواز لە ئاستی باڵا سەردانی هەریەک لە بەغدا و ئەنقەرە و تاران بکەن.
ھەروەھا تا ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو کۆدەنگییە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست نەبووە.
چاودێرێکی سیاسیی، هەڵوێستی وڵاتان دابەشی سەر دوو جۆر دەکات کە یەکێکیان بریتییە لە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ و دووەمیان هەڵوێستی وڵاتانی دیکەیە لەسەر ئاستی جیهان و، پێی وایە کە وڵاتانی دراوسێ وا دەزانن دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ ئەوان، بەڵام بە گوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە ئەمە بۆچوونێکی دروست نییە و بەڵگەی بەهێزیش لەبەردەستە.
مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر ئێمە سەیری هەڵوێستی وڵاتان بکەین کە سەبارەت بە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە، دەتوانین دابەشی دوو دەستەی بکەین، یەکەمیان هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و دووەمیان هەڵوێستی وڵاتانی دیکە لەسەر ئاستی جیهان".
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتیشی: "دەستەی یەکەم بریتییە لە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ کە ئەوان وا هەست دەکەن ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بێت ئەوا کاریگەری خراپ لەسەریان دروست دەکات و هەست دەکەن جۆرێک لە ناسەقامگیرییان بۆ دروست دەبێت. لەم روانگەوە تەماشای ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکەن و لێدوانەکانییان تا رادەیەک دەتوانین بڵێین لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا بووە، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی وەکو ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا و رووسیا و دەوڵەتەکانی دیکە تا رادەیەک بەو شێوەیەک باسیان کردووە و دەڵێن کە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕکردندایە دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەوان پێیان باشە هەرێمی کوردستان زیاتر تیشک بخاتە سەر ئەو بابەتە و کاتێک کە شەڕکردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش تەواوبوو، ئەوکات دەتوانێت ریفراندۆم ئەنجام بدات".
بە بۆچوونی ئەو چاودێرە سیاسییە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نابێتە مەترسی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و لەمبارەیەوە گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە وڵاتانی دراوسێ ئەو باوەرڕەیان هەیە کە هەرێم نابێتە مەترسی بۆسەر ئەوان چونکە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی لە رێگای تورکیا دەنێرێتە دەرەوە و ئیستاش دەیەوێت لە رێگای بۆڕییەوە غاز هەناردەی دەرەوە بکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەموو ئەو مەترسییانە دەڕەوێنێتەوە".
ساڵح مەلا عومەر پێی وایە کە عێراق یەکێک لە وڵاتە هەرە ناسەقامگیرەکانە لەسەر ئاستی دونیا و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت لە رێگای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمەوە ئەو ناسەقامگیرییە بگۆڕێت و گوتی: "ئەگەر ئێستا لەسەر ئاستی دونیا لە هەر هاووڵاتییەک بپرسی کە ئایا لە دونیادا ناسەقامگیرترین وڵات کامەیە، بێگومان وەڵام دەداتەوە کە عێراقە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو بارودۆخە بگۆڕێت و کاریگەری ئیجابی لەسەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکات، بۆ نموونە، ئێستا دەبینین کە جۆرەها کردەوەی تیرۆریستی لەناو تورکیا ئەنجام دەدرێت و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو ناسەقامگیرییە دەگەڕێتەوە کە لە عێراقدا هەیە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو ناسەقامگیرییە بگۆڕێت".
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا دووەم دەوڵەتە لەناو پەیمانی ناتۆ و لەسەر ئاستی دونیا پێگەی دیارە، بۆیە لە رووی سەربازییەوە هەرگیز هەرێمی کوردستان بەو وڵاتە بەراورد ناکرێت و لە درێژەی قسەکانیدا، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتی: "لە روانگەی سەربازییەوە، تورکیا دووەم دەوڵەتە لەناو ناتۆ و لەسەر ئاستی دونیا هەموو دونیا حسابی بۆ دەکات، بەڵام ئایا هەرێمی کوردستان چ هێز و چەکێکی هەیە کە ببێتە مەترسی بۆ سەر تورکیا، بۆیە نابێت هەرێمی کوردستان بە تورکیا بەراورد بکەین".
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر ئاماژە بەوەش دەکات کە جۆرێک دیموکراسی لە تورکیادا هەیە کە ئەو دیموکراسییە لە عێراقدا بوونی نییە و گوتی: "ئەگەر سەیر بکەین دەبینین لەسەدا ٩٠ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زمانی عەرەبی نازانن بەڵام ئەگەر سەیری تورکیا بکەین دەبینین کوردەکان بە گشتی زمانی تورکی دەزانن، یان ئەو دیموکراسییەی کە تا رادەیەک لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو تورکیادا هەیە، ئایا لە عێراقدا هەیە؟ بێگومان نەخێر، بۆیەش وا باشترە هەرێمی کوردستان خۆی لەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی عێراق رزگار بکات".
لە سەرەتای بڕیاری دەستنیشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم تاوەکو ئێستا، دەنگۆیەکی زۆر هەیە لەسەر شێوازی ئەنجامدانی پڕۆسەکە و هەنگاوەکانی دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە و، کۆمەڵێک بۆچوون هەیە لەمبارەیەوە کە بۆچوونێک دەڵێت ئەنجامی دەنگەکان دەبێتە کارتێکی فشار بۆ سەر بەغدا و بۆچوونێکی دیکەش دەڵێت دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە دەست دەکەن بە گفتوگۆ بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵی و دوا بۆچوونیش دەڵێت راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
ئەو چاودێرە سیاسییە دوو لە بۆچوونەکان رەتدەکاتەوە و پێی وایە ئەمانە لە رووی لۆجیکییەوە بۆچوونێکی نادروستن و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان و بەغدا هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەماوە و لەمبارەیەوە دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتی: "هەرێمی کوردستان ئەنجامەکەی ریفراندۆم ناکاتە کۆنفیدڕاڵی چونکە لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا دوو دەوڵەتی سەربەخۆ رێککەوتێنک دەکەن و دەسەڵاتی خۆیان دەمێنێتەوە، بەڵام بارودۆخی عێراق بەو شێوەیە نییە، چونکە لە رابردوودا سسیتەمی فیدڕاڵی قبووڵ نەکرد و چ بگاتە ئەوەی کۆنفیدڕاڵی قبووڵ بکات".
ساڵح مەلا عومەر گوتیشی: "سەبارەت بەو بۆچوونەش کە پێیان وایە ئەنجامەکانی ریفراندۆم دەبێتە کارتێکی فشار بۆسەر بەغدا ئەمە تێگەیشتنێکی دروست نییە و هەڵەیە چونکە ئەگەر سەیری بەغدا و هەرێم بکەین ئەوا دەبینین هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نەماوە،. لە روانگەی ئابووری و سیاسیی و کارگیڕیشدا هیچ پەیوەندییان نەماوە تەنیا پەیوەندییەک لە نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە هەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کە لە داهاتووشدا دەکرێت ئەو پەیوندییانە بەرەدوام بێت".
ساڵح مەلا عومەر پێی وایە لەناو بەغداشدا، هاوهەڵوێستییەک نییە لەسەر پرسی ریفراندۆم و ئەو پڕۆسەیەی کە بڕیارە دوای کەمتر لە دوو مانگی دیکە بەڕێوەبچێت و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "ئێستا لەناو بەغداش یەک هەلوێستی نییە سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، بەڵکو بۆچوونی جیاوازهەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە بەغدا ئەو ئامادەییەی تیادا هەیە کە کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ قبووڵ بکات بەڵام ئێستا هەندێک لە نوخبەی شیعە کە دەسەڵاتییان هەیە و دژ بە ریفراندۆم قسە دەکەن بە بڕوای ئێمە کاریگەریی هەژموونی ئێرانییان لەسەرە نەوەک شیعە".
news_share_descriptionsubscription_contact

