Hamit Hüseyin
13 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
ئەمڕۆ بە بەشداری جێگری پارێزگەی ھەولێر و چەند پەرلەمانتارێک رێوڕەسمی ھێنانی دارێکی ژاپۆن کە بە داری نەتەوەیی ناسراوە، بەڕێوە چوو.
ئەم دارە ناوی "ساگورا"یە و ھێمای نەتەوەیی ژاپۆنە و ھەروەھا لە ژاپۆن دوو وەرزی زستان و بەھار پێکەوە گرێ دەدات و ئەوم دارە تەنیا گوڵ دەردەکات و ژاپۆنییەکان ئەم گوڵە بە ئەفسانەی ساموڕایی دەبەستنەوە ھەروەھا ژاپۆنییەکان ئەم دارەیان لە ھەرێمی کوردستان چاندووە کە هێمای پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ژاپۆنە کە هەتا ئیستە 200 داریان لەو جۆرەی کە باس کرا بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.
سکرتێری دووەمی باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بۆ کاروباری ئابووری جۆمپی سۆروتا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی پەیوەندی ژاپۆن و ھەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "ئێمە لە ھەوڵ داین کە بتوانین بە ھەموو شێوەیەک لە رووی بازرگانی و کولتووریشەوە پەیوەندییەکانمان زیاتر بکەین و ھەروەھا لە ئێستادا زیاترین ئاستی بازرگانی ئێمە لە گەڵ ھەرێم، بازرگانی ئوتۆمبێلە. ئێمە خوازیارین کۆمپانیاکانمان روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە بتوانین پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین". لەبارەی بازرگانی نەوتیش ناوبراو روونیکردەوە کە هەتا ئێستا تەنیا لەگەڵ عێراق بازرگانی نەوتیان ھەبووە.
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە ھەرێمی کوردستان سەردار حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان نیشانەی نزیککردنەوەی کولتوور و بازرگانی یەکترە و ھەروەھا ئێمە دەتوانین لە داھاتوودا ئەو پەیوەندییانە قووڵتر بکەین و ئەوان زیاتر دڵخۆشی نیشان دەدەن لەسەر ئەوەی کە بتوانن جێیان لە بازاڕی ئێمەدا ببێتەوە".
سەردار لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە وەک سەردار گرووپ رێژەی بازرگانیمان لە ساڵی رابردوو گەیشتە نیو ملیار دۆلار بەڵام ئەمساڵ بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەو رێژەیە زیادی نەکردەوە و تەنانەت کەمیشی کردووە و ئێمە ھەموو ھەوڵمان خستووەتەگەر هەتا بە یارمەتی کۆمپانیای سومیتومۆ ئەو رێژەیە بەرز بکەینەوە".