Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
دوای دیاریکردنی وادەی مانگێک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەکانیان، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایان لە شاری سلێمانی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا دەستیان بە گردبوونەوە و مانگرتن کردەوە و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنیان کرد.
ئەو خۆپیشاندانەی مامۆستایان دوای ھۆشداری دانەکەی دوێنێی پارێزگاری سلێمانی دێت کە ھۆشداری لە ھەرجۆرە خۆپیشاندان و کەوتنەوەی گرژی و ئاڵۆزی دا، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لە نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە و بارەگای حزبە سیاسییەکان بڵاو کرابوونەوە.
مامۆستایانی ناڕازی دوای بەڕێکەوتنیان بۆ بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی، یاداشتێکیان ئاراستە کرد و بڕیاریاندا لە ئەمڕۆوە تا ١٢ رۆژی تر نەچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتی وانە گوتنەوە بکەن تا وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە کە خۆی لە باشترکردنی بژێوی ژیانیان و دابەشکردنی مووچەکانیان دەبینێتەوە.
مامۆستایانی ناڕازی لە یاداشتەکەیاندا ئاماژەیان کردووە بەوەی، ئەوەی رووبەڕووی دەبنەوە شکستی ئیداری و سیاسی و ئابوری حکوومەتە و دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییەش ھەڵبگرن.
یەک لە سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ناڕازی، دڵشاد بابانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە زوویی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان لەگەڵ بەغدا بکەوێتە گفتوگۆ و ئەو پاشەکەوتی مووچەیەی دایانناوە ھەڵیوەشێننەوە و بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان باش بکاتەوە".
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ و بە ھۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە، حکوومەتی عێراقی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی راگرت، بەوھۆیەوە قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵدا و لەو کاتەوە مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا نەدراوە، ئەوەش ساڵانە ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆتی بەدوای خۆیدا ھێناوە.