Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2016
نوێنەری ئەو دەستە و رێكخراوانەی سلێمانی ئەمڕۆ سەردانی نوسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد و لەرێگەی بەڕێوەبەری نوسینگەكەوە یاداشتێكیان ئاراستەی پەرلەمانتارانی كورد كە خۆی لەچەند داواكارییەكدا دەبینێتەوە، كرد.
لەیاداشتەكەدا كەلەلایەن نوێنەری رێكخراوەكانەوە خوێنرایەوە، هاتووە: "وەك ئاشكرایە ئێستا پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردن و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017 یە، لەهەمانكاتدا دۆخی فەرمانبەران و مامۆستایان و مووچەخۆرانی كوردستان لەبارێكی خراپدایە، لەم سۆنگەیەوە داوا لە هەر پێنج فراكسیۆنە كوردییەكەی پەرلەمانی عێراق دەكەین بەتەنگ خراپیی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمەوە بچن و بتوانن دەنگی پێویست بۆ پێشنیارەكانمان بەدەستبهێنن و لە پڕۆژە یاساكەدا جێگەی بكەنەوە".
ئەو رێكخراوانە ئاماژەیان بەوەكرد بەرنامەیان هەبووە بە شاندێك بچنە بەغدا و ناڕەزایی و موعاناتی خەڵكی هەرێم بە دامەزراوە فەرمییەكان و كوتلە سیاسییەكان بگەیەنن و لەبەردەم پەرلەماندا گردبوونەوەی مەدەنییانە ئەنجامبدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگە بەگردبوونەوەكە نەدراوە و فراكسیۆنەكان سەرقاڵبوون، بڕیاریانداوە بە یاداشتێك داواكارییەكانیان بگەیەنن.
داواكاری ئەو رێكخراوانە وەك لە یاداشتەكەدا هاتووە، بریتییە لەهەریەک لە؛ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبڕدرێت و پەیوەست نەكرێت بە ململانێ و ناكۆكی سیاسییەکانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداوە، حكومەتی هەرێم پابەندییە دارایی و نەوتییەكان جێبەجێبكات ولەبەرامبەردا ناوەند بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بكات، لەكاتی پابەندنەبوونی هەر لایەنێك، لایەنی بەرامبەر لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە ئەو پرسە یەكلاییبكاتەوە، نەك پەنا بباتە بەر رێگەچارەی دیکە و ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە بڕیاری دادگای فیدراڵیەوە ئەوا مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاكان لەگەڵ ناوەند رێگەی پێبدرێت و وەك دوا دەرفەت كاری لەسەربكرێت.