Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
كۆبوونەوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، شاندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنراوە ، سەردانی بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبەش كۆبونەوە.
كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە پڕۆژەیەكی حەوت خاڵی یەكێتی كە لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی سەركردایەتی یەکێتی پەسەندی كردووە، رۆژی رابردوو ئەو پڕۆژەیە رادەستی بزووتنەوەی گۆڕان كرا، بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای میكانیزمی جێبەجێكردنی خاڵەكانی پڕۆژەكەی كردووە.
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بەشداری كۆبوونەوەكە، لەتیف شێخ عومەر دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رۆژنامەنووسان دوا و گوتی: "كۆبونەوەیەكی زۆر باشمان ئەنجام دا و بەردەوامیان دەبێت، هەردوولا لێكتێگەیشتنی باشمان هەبوو، هیوامان وایە هەموومان پێكەوە پەرلەمانی كوردستان كارا بكەینەوە".
ئامانجی یەكێتی وەك لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبەش ئاماژەی پێكراوە، ئەوەیە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25 ی ئەم مانگە و لە نزیكترین كاتدا پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی جدی دەدات و دەیەوێت هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە رازی بكات.
ئەو پڕۆژەیەی یەكێتی ئامادەی كردووە و دراوەتە لایەنەكان، لە حەوت خاڵ پێكهاتووە، كە بریتین لە:
١- ئاساییكردنەوە و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
٢- لەپێناوی بەدیهێنانی ھاوسەنگی لەنێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچە كەمەكاندا، پێویستە پاشەكەوتكردنی مووچە لەرێگەی پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەكی تایبەت لاببرێت و گرەنتی دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆران بكرێت.
٣- متمانە بەخشین بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی سندووقی داهاتە نەوتی و غازییەكان.
٤- هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستەبەركردنی مافی دەنگدانی دانیشتوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان.
٥- پەسەندكردنی یاسای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.
٦- لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ راپرسی، متمانەی پێ ببەخشرێتەوە بۆ ئامادەكردنی دەستووری دەوڵەتی كوردستان.
٧- هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥).
پاش نیوەڕۆی دوێنێش بۆ هەمان مەبەست ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە شاری هەولێر سەردانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیری كرد.
پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ ەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، كارەكانی وەستاوە.