Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھاوڕێ تۆفیق دوای سەردانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەی پرسی ھەڵبژاردن و ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە دوا و گوتی: "لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو چەند رووداوێک نەماون، کە خاڵی ئیجابین و جێگەی ئومێد و دڵخۆشین کە ئەویش پەیوەندی ھەیە بە بابەتی زیادەڕۆیی لە کەژاوەی ئۆتۆمۆبێل و رازاندنەوەی ئۆتۆمۆبێلەکان بە ئاڵا و درووشم و لۆگۆی حزبەکان، بەڵام دیاردەیەکی تر ھەیە کە پەیوەندی ھەیە بە خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەویش دروستکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کاندیدەکانە".
ھاوڕێ تۆفیق گوتی: "ئەم بابەتە نەک تەنھا لە کاتی ھەڵبژاردن، بەڵکو پێش و لە دوای ھەڵبژاردنیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو ھۆیەی یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی، وای کردووە ئازادییەکی رەھا بداتە ئەو کەسانە بۆ دروستکردنی پەڕە و بڵاوکردنەوەی وێنەکان بە ئازادی خۆیان و ئەکاونتی ساختە دروست بکەن کە ئەوەش دەبێتە ھۆی لەکەدارکردنی ناوبانگی کاندیدەکان".
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە پێشێلکارییەکانی ھەڵبژاردن لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە دەکرێت لە رێی بەکارھێنانی وشەی نەشیاو و ھێرشکردنە سەر یەکتر، کە ئەوەش پێچەوانەی رێنمارییە کارپێکراوەکانە.
ھاوڕێ تۆفیق ئەوەشی گوت "پڕۆسەی دەنگدان نھێنییە و لەناو وێستگەی دەنگدان بەکارھێنانی مۆبایل و وێنەگرتنی دەنگدان قەدەغەیە، بەڵام تا ئێستا ھیچ رێنماییەکمان پێنەگەیشتووە لەسەر وەرگرتنی مۆبایل و رێگە نەدان بە ھەڵگرتنی مۆبایل لە میانی دەنگداندا".
ئەو داوای لە دەنگدەران کرد تا رۆژی هەشتی مانگی داھاتوو سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان کە لە رۆژی دەنگداندا تەنھا لە رێگەی ئەو کارتەوە دەنگ دەدرێت، باسی لەوەش کرد، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ١٧٠ ھەزار کارت ماون و لە لایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە.
بڕیارە رۆژی ١٢ی ئایاری داھاتوو، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگەشەوە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستی پێکردووە و لیست و قەوارە سیاسییەکان سەرقاڵی بانگەشەن بۆ لیست و قەوارەکانیان.