Hawkar Yaseen
04 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2020
سلێمانی - AA
لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان ئەمڕۆ، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی دوا گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە لە دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان بە ھەمەھانگی لەنێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتایی ھێنان بە کێشە و قەیرانەکان لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسیی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران.
دەربارەی کیشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە "جەختکرایەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان و مووچەی مووچەخۆران، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال، کۆتایی ھێنان بەو پرسە زوو بە زوو لەسەر بنەمای دەستور، یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی".
دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش رایانگەیاندووە "تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەم دواییە سەری ھەڵداوە و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکاندا بەئاراستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان".