Cemal Sargati
26 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2017
سلێمانى-AA
ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان:
- "پرۆسەی سیاسى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى ئاڵۆزدایە وئێمە وەک یەکێتی رێککەوتنمان هەیە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆران لە هەمانکاتیشدا دەکرێت رێککەوتنمان لەگەڵ لایەنێکى تردا هەبێت".
- "کێشەکانى هەرێمى کوردستان هێندە قووڵن کە بەتەنها رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێکدا چارەسەر نابێت، بۆیە دەبێت رێککەوتن لەگەڵ لایەنى تریش بکەین".
ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان لە دیمانەیەکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان، قەیرانى دارایى و هەروەها دۆخى حزبەکەى دەخاتە روو.
سەرەتا لەبارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان گوتى: "پرۆسەی سیاسى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە دۆخێکى ئاڵۆزدایە، یەکێک بیەوێت خوێندنەوەیەک بۆ سەرجەم سێکتەرەکان بکات لە هەرێمى کوردستان ئەوا ئاسان نییە، چونکە دۆخەکە ئاڵۆزە و بەکەس ناکرێت خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە بکات. هەرێمى کوردستان کەوتووەتە ناو کۆمەڵێک دراوسێ کە ئەوانیش کێشەى تایبەتى خۆیان هەیە، ئەوەش رەنگدانەوەى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، بۆیە خوێندنەوە بۆ بارودۆخى هەرێمى کوردستان ئاسان نییە".
ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان گوتی: "له هەرێمى کوردستان کێشە و گیروگرفت و قەیرانى زۆرمان هەیە و شەڕى داعشیش واى کردووە زۆرێک لە وڵاتان بێنە ئەم هەرێمە و سیاسەتى خۆیان لە هەرێمى کوردستان پەیڕەو بکەن ئەوەش ئاڵۆزییەکى زۆرى دروستکردووە".
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی لە بارەى بارودۆخى ناوخۆی حزبەكەی دوا و گوتى: "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان شاراوە نییە کە کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفتمان هەیە بەتایبەتیش لە دواى نەخۆش کەوتنى مام جەلال، بەڵام وەک هەموو لایەنەکانى ترى هەرێمى کوردستان ئێمەش کێشە و گیرو گرفتمان هەیە".
ئەو هەروەها باسى لە پەیوەندى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانى تر بەتایبەت بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستانى کرد و گوتى: "ئێمە وەک لایەنێکى سیاسى سەرەکى لە هەرێمى کوردستان کە خاوەنى مێژووى خۆمانین و خاوەنى شەهیدانى هەرێمى کوردستانین و خۆمان بەئەندازیارى دروستکردنى ئەم هەرێمە دەزانین، بۆیە دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنێکدا هەبێت چی لایەنى ناو هەرێمى کوردستان بێت یاخود لایەنى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بێت".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە ئەندامى سۆشیاڵ دیموکراتین و پەیوەندیشمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانى ناو سۆشیاڵ دیموکرات هەیە و لە وڵاتە عەرەبیەکانیش پەیوەندیمان هەیە، بۆیە دەکرێت ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان رێککەوتنمان هەبێت کە رێککەوتنیش شێوازى تایبەتى خۆى هەیە".
بڵێسە جەبار فەرمان لەبارەى رێککەوتنەکەى یەکێتیى نیشتیمانیى و بزووتنەوەى گۆڕان زياتر دوا و گوتى: "ئێمە و بزووتنەوەى گۆڕان رێککەوتنمان ئەنجامدا لەبارەى ئیدارەدانى پارێزگاى سلێمانى و دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگاکە کە هەردوو لایەن براوەى هەڵبژاردنەکان بووین، رێککەوتنێکى سیاسیشمان هەیە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان. لە هەمانکاتیشدا دەکرێت رێککەوتنمان لەگەڵ لایەنێکى تردا هەبێت و ئەم خاڵەش لە رێککەوتنى یەکێتى و گۆڕان باس کراوە، هەندێک جار دەگوترێت رێککەوتنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان شکستى پێهێنراوە بەڵام وەک خۆم ئەوە بەڕاست نابینم، چونکە لەو رێککەوتنەى کە ئێمە و بزووتنەوەى گۆڕان هەمانە خۆى لە 25 خاڵ دەبینێتەوە بەشێکى زۆرى ئەو خاڵانەش باسى شێوازى حکومڕانى دەکات لە هەرێمى کوردستان و باس لە سیستەمى پەرلەمانى و کاراکردنەوەى پەرلەمان و باشترکردنى گوزەرانى خەڵکى کوردستان و بەرنگاربوونەوەى تیرۆر لە هەرێمى کوردستان دەکات. وەک یەکێتى تا ئێستا پابەندى ئەو رێککەوتنەین کە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان ئەنجاممان داوە، باسى ئەوەشکراوە کە هەرلایەنێک دەتوانێت رێککەوتنى تر ئەنجام بدات، بەڵام بەو مەرجەى کە دژى ئەم رێککەوتنە نەبێت، بەشێکى زۆرى ئەو خاڵانەش جێبەجێکراون".
لەماوەی رابردوو هەردوو لایەنی پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیان ئەنجامداوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام بدەن. دەنگۆی رێککەوتنى هەردوولاش بۆ پێكهێنانەوەی حكوومەت و پەرلەمان بووەتە باسێکى گەرمى ئێستاى هەرێمى کوردستان، لەو بارەیەوە بەرپرسەكەی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان گوتى: "لە سەرەتاى دروستبوونى قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا هەمیشە هەوڵى میانگیرمان داوە و هەوڵمانداوە سەرجەم لایەنەکان لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆبکەینەوە و بتوانین ببینە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە کە دروست بوون، بەڵام چارەسەرکە زۆرى خایاندووە هاووڵاتییانیش لە قەیرانێکى زۆر گەورەدان و قورسایەکى زۆر لەسەر شانیانە لەبەر ئەوە دەبێت هەنگاوى جدى بنرێت، بۆیە ئێمە لە هەوڵى جددیکردنەوە و کاراکردنەوەى ئەو هەنگاوانەین بۆ زووتر چارەسەرکردنى ئەم کێشە و گرفتانەى کە هەیە لە هەرێمدا، بەڵام کێشەکان هێندە قووڵن کە بەتەنها رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێکدا چارەسەر نابێت، بەتایبەت گرفتى دارایى کاتى زۆرى دەوێت و هۆکارى ئەو گرفتانەش نەبوونى دەستوورە و نووسینەوەشی کاتى زۆری پێویستە، ئەمەش بەتەنها رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێک جێبەجێ نابێت".
ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان گوتیشی: "ئێمە هەمیشە باسى کاراکردەوەى پەرلەمانمان کردووە، هەرکاتێکیش لە دانیشتنێکدا ئەولەویەتى کار باسى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان دەکەین، هەر پرۆژەیەکیشمان هەبێت سەرەتا دەبێت پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە و ناتوانین هیچ پرۆژەیەک بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە بەبێ پەرلەمان".
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی لایەنەكان بتوانن لەژێر رۆشنایی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی سەرلەنوێ سەرۆكایەتییەكان پێكبهێننەوە و چارەسەری دۆخی سیاسی هەرێم بكەن و گوتی: "مسعود بارزانى پەیامێکى بڵاوکردەوە کە رایگەیاندووە داڕشتنەوە بۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم بکرێت، بەڕاى من ئەو بیرۆکەیەکى زۆرباشە، دەکرێت هەر سێ سەرۆکایەتیکە سەرلەنوێ لەناو ئەو لایەنانەى کە براوەى هەڵبژاردنەکانن دابڕێژێتەوە بەسەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکایەتى حکوومەت و سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە، بڕواشم وایە هيچ کەسێک و هیچ لایەنێک گرفتى لەگەڵ مسعود بارزانی-دا نییە، تەنها گرفتى یاساییە کە بوونى هەیە".