سلێمانی
ماوەی هەشت مانگە بەهۆی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستانەوە، بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕاوە، بەو هۆیەوە قەیرانی دارایی و نەمانی پارە لە بانكەكان سەریهەڵداوە و زۆربەی بوارەكانی پەكخستووە.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی یوسف یاسین لە بارەی كاریگەری ئەو قەیرانەوە لەسەر شارەوانییەكەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو قەیرانە داراییەی كە هەیە وەك چۆن كاریگەری گەورەی لە هەموو وەزارەتەكان كردووە، كاریگەری گەورەتری لە وەزارەتی شارەوانییەكان كردووە كە كارەكانی تایبەتە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە."
یوسف یاسن گوتیشی: "لە ساڵی 2014 وەك پڕۆژە و لەسەر بودجەی ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەكمان نەخستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو پڕۆژانەی كە هەبووە و جێبەجێكراون لەسەر بودجەی ساڵی 2013 كراون و پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە و بودجەی بۆ تەرخان كراوە."
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد كە سنووری شارەوانییەكەی 194 گەڕەكە و بەشی زۆری ئەو گەڕەكانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی پێگەیشتووە، ئەگەر ئەو قەیرانە داراییە نەبوایە كاری تەواویان لەهەمو گەڕەكەكان ئەنجام دەدا.
شارەوانی سلێمانی زیاتر پشت بە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و نەوت دەبەستێ ۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی، جگە لەو پڕۆژانەی لە لایەن پارێزگای سلێمانییەوە بودجەیان بۆ تەرخان دەكرێ و دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە ساڵانە بودجەیەكی ئاسایی هەیە كە ساڵانی پێشتر نزیكەی 80 ملیۆن دۆلار بووە.