ozhin jolla
14 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2021
کەرکووک – AA
لە میانی هەوڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی، بەشێک لە پێکھاتەکان دژی دانانی زانایانی ئایینین لە دادگای فیدراڵیدا.
لەمبارەیەوە راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عیماد یۆخەننا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یاسای دادگای فیدراڵی یەکێکە لە یاسا گرنگەکان لە عێراق و دەبووایە لە ساڵی ٢٠١٥ یەکلایی بکرابایەوە، بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکان لەسەر شێواز و میکانیزمی یاساکە و دانانی ئەندامانی دادگاکە دواخرا بۆ ئەم کاتە، بەداخەوە لامان سەیربوو کە لە کاتێکی ئاوھادا و بەپەلە فراکسیۆنەکان بەشێوازێکی جیاواز ھێنرایە نێو پەرلەمان. لە دانیشتنەکانی رابردوودا دەنگ لەسەر زۆرینەی بڕگەکانی یاساکە درا و ئەوەیشی کە ماوە ماددەی سێیەمی یاساکەیە کە تایبەتە بە دانانی (فەقیهی شەریعەت) کە بریتین لە چوار ئەندام و مافی تەواویان لە دادگای فیدراڵیدا ھەیە و لەکاتێکدا ئەوان دادوەر نین و شارەزای کاری دادگا نین ئەمەیش پێچەوانەی دەستووری عێراقە".
راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عیماد یۆخەننا سەبارەت بە مەترسییەکانی مەسیحییەکانی کەرکووک لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکەدا گوتی: "ترسی ئێمە لە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە ئەوەیە، دەوڵەتی عێراق لە سیستەمی مەدەنییەوە بۆ سیستەمی ئایینی دەگۆڕێت، ئەمەیش لەلایەن زۆربەی عێراقیەکانەوە رەتکراوەتەوە، نەوەک تەنھا پێکھاتەکانی مەسیحی، ئیزدی، سائیبی و ئایینەکانی تر، ترسی ئێمە لەوەدایە کە ئەم دادگایە بەرەو کەمبوونەوەی ئازادیەکانمان دەبات، هەروەها دان نەنانە بە ئازادیەکانی تاک، ئایین، کۆمەڵگا و ئازادی رادەڕبڕین".
عیماد یۆخەننا گوتیشی: "عێراق وڵاتێکی فرە ئایینە و لە زۆربەی بڕگەکانی دەستووردا ھاتووە کە دەبێت رێز لە سەرجەم ئایینەکانی وڵات بگیرێت و ناکرێت قبوڵ بکرێت ئایینێک بەسەر ئایینەکانی تری وڵاتدا فەرز بکرێت و لە ھیچ دەوڵەتێکدا نییە کە وڵات خاوەنی یەک ئایینی دیاریکراو بێت تەنھا لە عێراق نەبێت کە ئەمەیش ھەڵەی دەستووری عێراق بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥ نووسرایەوە کە ئێستایش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت ئەو یاسایە بگۆڕن، ھەتا مەرجەعی شیعە، عەلی سیستانی چەند جارێک تەئکیدی لەسەر عێراقێکی مەدەنی کردووەتەوە و ئەمەیش مانای دژایەتیکردن و سڕینەوە و کوفرکردن نییە و تەنھا رێزگرتنە لە سەرجەم ئایینەکانی وڵات، ٩٨ لەسەدی بەرپرسانی وڵات موسڵمانن و ناکرێت ھیچ یاسایەک دژبە ئایین بەسەر تێپەڕێت".
راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عیماد یۆخەننا لەبارەی سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ھاتنی پاپا بۆ عێراق ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ عێراق و سوپاسی ھەموو ئەو کەسایەتی و بەرپرسە حکوومی و ئەمنییانەی کرد کە ھۆکاری سەرکەوتنی سەردانەکەی پاپا بوون بۆ عێراق.
عیماد یۆخەننا راشیگەیاند، ئەم سەردانیەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لە جیھاندا، ئەوی دەمێنێتەوە لەسەر بەرپرسانی دەوڵەتی عێراقە بۆ بەھەلوەرگرتنی ئەم سەردانەی پاپا و بۆ بەرژەوەندی وڵات بەکاربھێنرێت.
راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عیماد یۆخەننا سەبارەت بە پەیامەکانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق باسی لەوەکرد "بەداخەوە لە رۆژی کۆتایی گەشتەکەی پاپا بۆ عێراق، شۆک بووین بەو بڕیار و گۆڕانکاریانەی لە یاسای دادگای فیدراڵیدا دەرکەوت و ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان بەھەمان بەرنامە و نەفەسی رابردوو، کاردەکەن لەکاتێکدا پاپا فرەنسیس پەیامی گرنگیی ئاراستەی عێراق کرد و باسی ستەم و گەندەڵی کرد و دەبوو لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسان بەوردی لەو وتانەی پاپا بڕوانن و کاری لەسەر بکەن چونکە ئەم سەردانەی پاپا دەرگای گەورە و گرنگی لە عێراق کردەوە لە ھاوکاری دەوڵەتانی ئەورووپا بۆ عێراق".
عیماد یۆخەننا هەروەها لەبارەی کاردانەوە ئابوورییەکانی پاش ھاتنی پاپا فرەنسیس گوتی: "لە پاش رۆشتنەوەی پاپا بەشێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان ئامادەیان دەربڕی بۆ ھاتنیان بۆ عێراق، گرنگ ئەوەیە ئایە رێگا بەو کۆمپانیایانە دەدرێت بێنە عێراق و پارەکانیان بھێننە عێراق بۆ چاککردن و ئەعمارکردنی ئەو ناوچانەی وێرانبوون بەدەستی داعش و ھاتنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان".
بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی کە ئامادەکراوە چوار (فەقیهی شەریعەت) لەنێو دادگای فیدراڵیدا دادەنرێن کە دووانیان شیعە دەبن و دانەیەکیشیان عەرەبی سوننە و ئەوی تر لە پێکھاتەی کورد دادەنرێت و لە ئەگەری ئەوەی سێیان دژی ھەر بڕیارێک بوون، ئەوا کاری پێ ناکرێت.