Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
سلێمانی AA
فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك لیوا رەسوڵ عومەر ناسراو بە( وەستا رەسوڵ) لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای شارۆچکەی حەویجە و ژیانی دانیشتوانەكەی و مەترسییەکانی لەسەر شاری کەرکووک، هەروەها پلانی پێشمەرگە و هۆكاری دواكەوتنی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شارۆچکەیە و دەكات.
وەستا رەسوڵ گوتی: "نزیكەی دوو هەزار تا دوو هەزارو 500 چەكداری داعش لە شارۆچکەی حەویجە هەیە، ئەو شارۆچکەیە لە رووی جوگرافییەوە ناوچەیەكی فراوانە، درێژاییەكەی نزیكەی 200 كیلۆمەتر و پانیەكەی نزیكەی 70 كیلۆمەتر دەبێت و لە سەنتەری قەزا و چوار شارەدێ و 350 گوند پێكهاتووە ".
ئەو گوتی: "حەویجە ناوچەیەكی پڕ لە قەمیش و قەڵەم و هەورازە و زەوییەكی كراوە نییە تا بتوانین لە روی سەربازییەوە بە ئاسانی چارەسەری بكەین، بۆیە لە ئێستادا لە سەر ئەو ناوچەیە تەنها ئەوەیە هێزەكانمان بەرامبەر یەكترن و ناوبەناو وردە شەڕ هەیە لەنێوانماندا كە خۆی لە تەقەی قەناس و دۆشكەدا دەبینێتەوە، تائێستا ئەوان هێرشێكی دیاریكراویان نەكردووە و لەوانەیە لە توانایاندا نەمابێت، بۆ خۆشمان لە بەرنامەداین".
سەبارەت بەهۆكاری ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شارۆچکەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، وەستا رەسوڵ گوتی: "تا ئێستا شەش جار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراقی بۆ دانانی پلان و بەرنامەی هێرشكردنە سەر قەزاكە دانیشتوین، ئەو دانیشتانانە بۆ لێكتێگەیشتن بووە كە چۆن بەرنامە دابنێین لەو بارەیەوە. ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەین و نەخشە و پلانی خۆمان هەیە و ئامادەین، بەڵام ئەوەی كە تائێستا ئامادە نییە هێزەكانی عێراقە و بەو هۆیەوە تائێستا ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدراوە".
وەستا رەسوڵ "هیوای خواست لە رۆژانی داهاتوودا هێزە عێراقییەكان لە شەڕی مووسڵ هەنگاوی گەورە بنێن، تاوەكو دواتر بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكە و دەست بە شەڕی حەویجە بكەن".
لە بارەی رەوشی دانیشتوانی حەویجە، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك گوتی: "رەوشی دانیشتوانی قەزاكە زۆر خراپە و خەڵكەكەی برسییە بەشێوەیەك هاووڵاتیان رۆژانە توانای كڕینی سێ ژەمی خواردنیان نییە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان لەو ئاوارەی كە لەوێ هەڵدێن تێدەگەین خەڵكە لە برس و ترسدا شارەكە بەجێدەهێڵن".
وەستا رەسوڵ باس لە توانای چەکدارانی داعش دەکات و دەڵێت: "داعش لە ئێستادا لە بەرگرییەكی تێكشاو دایە و توانای هیچ هێرشێکی نەماوە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا بە مەفارزی جۆراوجۆر لێرە و لەوێ بۆ كاری تێكدەرانە بێنە سەر هێزەكانمان و لە جێگایەك دەستێك بوەشێنن و بكشێنەوە".
فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك، وەستا رەسوڵ لە بارەی دۆخی ئاسایشی ناوشاری كەركووكەوە رایگەیاند "ئێستا ئاسایش و ئارامی شاری كەركووك بەرەو پێشەوەچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لەسەدا 98 ئاسایشی خەڵكەكەی پارێزراوە و شارەکە ئارامە، ئەوەش بەهۆی پارێزگاری پێشمەرگەوەیەوە كە بەشی رۆژئاوای شارەكەی بەتەواوی کۆنتڕۆڵکردووە".