Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند كە لەگەڵ ئەوەی یەك ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە.
موقتەدا سەدر بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دژبە گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاریی و دەرفەتی كار ئەنجام دران، تویتێكی بڵاوكردەوە و تیادا چوار خاڵی خستووەتە ڕوو.
سەركردەی رەوتی سەدر رایگەیاندووە كە لەگەڵ ئەوەی یەك ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە و داوای كردووە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەنزیكترین كاتدا ئەنجام بدرێت.
هەروەها داواشی كردووە كە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ گەلی عێراق دابین بكرێت، لێپرسینەوەش لە گەندەڵكاران و كەسانی دەرچوو لەیاسا بكرێت.
موقتەدا سەدر هەر لە تویتەكەیدا داوای كردووە، لێپرسینەوە بکرێت لەو كەسانەی كە لە ساڵی 2019وە تا ئێستا هێرشیانكردووەتە سەر خۆپیشاندان.
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەگەر ئەو داواكارییانەی جێبەجێ نەكرێن، ئەوە بە واتای نەمانی عێراقە.
لەسەرەتا مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق دژبە گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار بەڕێوەچوون و بەوهۆیەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.
لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەریانهەڵدا و بەهۆیانەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، ٥٦٥ كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كوژران.
لە ٢٧ی تەمووزی رابردوو، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی پێكهێنا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی كوشتن و تیرۆركردنی چالاكوانانی مەدەنی و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.