Fahrettin İbrahim
08 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2017
بە پێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران، حەیدەر عەبادی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكا، مایك پێنس بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا ئیدانە کردووە و وەبیری هێناوەتەوە کە گەلی عێراقیش لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووی عێراق بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کراوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتە روو كە سەبارەت بەرەوشی ناوچەكە بەتایبەتیش رەوشی سووریا، حەیدەر عەبادی دووپاتی كردووەتەوە كە عێراق بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە سووریا بە تاوان دەزانێت و ئیدانەی دەكات و گوتوویەتی: "ئێمە لەگەڵ گەلی سووریاین كە بوونەتە قوربانی هێرشی كیمیاوی، هەروەها گەلی عێراقیش لەلایەن رژێمی پێشوو رووبەڕووی هێرشی كیمیاوی بوونەوە بۆیە داوامان دەکەین لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلەی نێودەوڵەتی لە بارەی هێرشە كیمیاوییەكەی سووریا بكرێت و ئیدانەش بكرێت جا لەلایەن هەرلایەكەوە ئەنجام درابێت".
لە كۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە كە مایك پێنس دووپاتی كردووەتەوە كە ئەمریكا چاودێری رەوشی سووریا دەكات و رایگەیاندووە: "ئامانجی لە پێشینەمان شكستهێنانە بە داعش، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاوێژ و هەڵوێستی عێراق لەبارەی سووریا بۆ ئێمە گرنگە".