Zana Natık Kerem
22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راگەیاند کە پێویستە میکانیزمی کاری ھاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو، پتەوتر بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە تویتێکدا رایگەیاندووە کە فوئاد حوسێن لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە لەگەڵ ئەمنیداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو، نایف فەلاح حەجرەف کۆبووەتەوە.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسی تایبەت بە چۆنیەتی پتەوترکردنی کاری ھاوبەشی عەرەبی تاوتوێکراوە.
راشیگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن حەختیکردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە میکانیزمی کاری ھاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو، پتەوتر بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن گەیشتبووە سعوودیە.