Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
سەنعا - AA
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دژ بە حووسییەكان لەسەر سنووری سعوودیە لەگەڵ یەمەن، چوار سەربازی سعوودی كوژراون.
ئاژانسەكە بڵاوی كردووەتەوە كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دژ بە حووسییەكان لە ناوچەكانی نەجران و جازان باشووری سعوودیە، چوار سەرباز لە هێزەكانی سعوودیە بە ناوەكانی محەمەد بن ئەحمەد ئال فەروان، مانع بن حوسێن تلێدی، جابر بن ئەحمەد عەتیف و حەمود زاوی مالكی كوژراون.
ھەر چەندە ئاژانسەكە چۆنیەتی كوژرانی ئەو چوار سەربازەی روون نەكردووەتەوە، بەڵام رۆژی دووشمەی رابردوو، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی عەرەبی، توركی مالكی رایگەیاندبوو كە هێزەكانیان، ئۆپەراسیۆنێكیان دژبە حووسییەكان بۆ پاراستنی سنووری باشووری سعوودیە ئەنجامداوە كە لە میاندا ژمارەیەك چەكداری حووسییان دەستگیركردووە.
ژمارەی ئەو سەربازانەی سعوودیە كە لە ١٠ی مانگی ئایاری رابردووە تا ئێستا لە یەمەن كوژراون گەیشتووەتە، ٧٩ سەرباز.