Zana Natık Kerem
12 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2017
جددە ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن كرد و دواتر كۆبوونەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە لە كۆبوونەوەكەدا، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و رێكس تیلەرسن جەختیان لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندی و هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە و هەروەها دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد بە تایبەتیش ئەو هەوڵانەی كە بۆ رووبەڕبوونەوەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ تیرۆر خراونەتە گەڕ.
لە كۆبوونەوەكەدا هەر یەك وەزیری ناوخۆ، عەبدولعەزیز بن سعوود و باڵیۆزی سعوودیە لە ئەمریكا، خالید بن سەلمان و وەزیری دەرەوە، عادل جوبێر و هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە سعوودیە، كریستۆفەر هینزیل ئامادە بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆتایی گەشتەكەیدا بۆ ناوچەی كەنداو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن گەیشتبووە سعوودیە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی قەیرانی كەنداو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن گەشتێكی بۆ كوێت، قەتەر و سعوودیە دەستپێكرد.