Sarmand Hameed
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ زیاتر لە ١٦ ھەزار کەس لە مووچەیەک زیاتر بە نایاسایی وەردەگرن، و بڕیاری راگرتنی مووچەکانیان دەدات.
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابوری، ئاوات جەناب نوری و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، عەبدولحەکیم خەسرۆ، کۆبوونەوەی ژمارە دووی ئەنجامدا.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، پشتبەست بەئامار و داتاکانی بایۆمەتری، راپۆرتێکیان لەبارەی فرەمووچەیی پێشکەش کردووە، بەپێی ئەو راپۆرتە ١٠٦ ھەزار و ٨٣٩ کەس لە یەک مووچە زیاتر وەردەگرن کە زۆربەیان بەپێی یاسا رێکخراون.

پاش بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو مووچەخۆرانە، دەرکەوت ١٦ ھەزار و ٥٠٥ کەس، لەیەک مووچە زیاتر بە نایاسایی وەردەگرن، بۆیە لیژنەی باڵا، لەچوارچیوەی یاسای چاکسازیدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپارد بۆ راگرتنی مووچەی داھاتوویان لەگەڵ پاراستنی مافی ئەو کەسانە بۆ تانەدان (طعن) لەم بڕیارە، ماوەی مانگێکیش دیاری کرا بۆ سەرلەنوی پێداچوونەوەی دۆسییەکانیان.
بەپێی داتا و ئامارەکانی بایۆمەتری ١٠٦ ھەزار و ٨٣٩ کەس زیاتر لە مووچە و مینحەیەک وەردەگرن کە زۆربەیان بە یاسا رێکخراوە، ١٦ ھەزار و ٥٠٥ کەسیان فرەمووچەی نایاساییان ھەیە و بەپێی بڕگە دووەم لە ماددەی سێیەمی یاسای چاکسازی بە نایاسای ھەژماردەکرێن کە بەمشێوەیە پۆلێن کراون:
- ھەزار و ١٣٨ کەس دووبارە تۆمار کراون وەک فەرمانبەر، واتە دوو مووچەی فەرمانبەرییان ھەیە.
- سێ هەزار و ٨٩١ کەس وەک فەرمانبەر و خانەنشین تۆمار کراون، واتە مووچەیەکی فەرمانبەری لەگەڵ مووچەیەکی خانەنشینی وەردەگرن.
- پێنج هەزار و ٧٣٤ کەس دووبارە لە خانەنشینی تۆمار کراون، واتە دوو مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
- پێنج هەزار و ٧٤٢ کەس دووبارە لە کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، واتە دوو مینحەی وەزارەتی کار وەردەگرن.