Ramal Abdullah Mahmood
01 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمانی تورکیادا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: ''ئێمە ناتوانین چاو لە هەڵکەندنی بیرێکی ئاژاوە رێک لە تەنیشت سنوورەکانمانەوە دابخەین کە دەبێتە هەڕەشەی هەمیشەیی بۆ گەلی عێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ تورکیا. بەرگرییکردن لە مافی کوردانی هەولێر، هەرگیز بە مانای پێشێلکردنی مافی عەرەبەکانی مووسڵ و تورکمانەکانی کەرکووک، نایەت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە ئەو قۆناغەی لە پێشیانە ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی پەرلەمان و حکوومەت. گوتی: "پێویستە چی زووە دەست بکەین بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێ بە دروستترین شێوە لە سەروویانەوە یاساکانی هەماهەنگی".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە گرنگی پیشەسازی بەرگری لە وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: ''لە سایەی ئەو ئەنجامەی لە پیشەسازیی بەرگریی و بواری تەکنەلۆجیادا بەدەستمان هێناوە، بە تایبەتی رێکخراوە تیرۆریستییەکانمان لەناو تورکیادا لەکارخستووە''.
سەبارەت بە درێژکردنەوەی بارئ نائاسایش سەرکۆماری تورکیا گوتی: "تا ئەمڕۆ جگە لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەندامانیان، هیچ کەسێک نییە کە زیانی بە هۆی باری نائاساییەوە بەرکەوتبێت''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نیگەرانی خۆیانی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی تیرۆریستان دەربڕی و گوتی: ''لەسەری سەرەوەی ئەو وڵاتانەی کە ئێمەیان تووشی زۆرترین نائومێدیی لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا کردووە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دێن. زۆر نیگەرانین لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە بە نهێنی نا بەڵکو بە ئاشکرا رێگرن لەبەردەم ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپادا و لێبوردەیی بەرامبەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەنوێنن. ئێستا بە هۆی سووڕانەوەی تیرۆریستیان بە لەنجە و لار لەوێ، ئەورووپا بووەتە شوێنی دانانی هەموو پيلان و بەرنامەیەک دژ بە ئیدارەی شەرعی تورکیا".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی قۆناغی دانوستانەکانی وەرگرتنی تورکیاش لە یەکێتیی ئەرووپا، گوتی: ''ئەوە تێدەگەین کە یەکێتیی ئەورووپا بە هەڵە لەو پشوودرێژییەی کە تورکیا لە ساڵی ١٩٥٩ەوە کە یەکەم داواکاریی بۆ ئەندامێتیی پێشکەشکردووە و لە ساڵی ١٩٦٣دا کە رێککەوتننامەی ئەنقەرەی واژووکردووە، نیشانیداوە، تێگەیشتووە. بەڵام سەرەرای ئەمەش، دەمەوێت ئەوە بە روونی بڵێم کە ئێمە نابینە ئەو لایەنەی کە کۆتایی بە پرۆسەکە دەهێنین. خۆی ئەگەر سەیر بکەین، ئێمە پێویستیمان بەوە نەماوە ببینە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. ئەگەر ئێستا یەکێتیی ئەورووپا هەڵمەتێک دەست پێبکات، ئەوە یەک رێگای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە تورکیا بکاتە ئەندامی خۆی، ئەمە دەستپێکردنی هەڵمەتێکە کە بە تەواوی واتا بۆ بەرفراوانکردنی ئابووریی و کولتوورییە. ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا ئەمە بکات ئێمە ئامادەین، خۆشحاڵ دەبین بە هاوکاریکردن بۆ ئاییندەی ئەورووپا. ئەگەر ئەمەش نەکات، بۆ ئێمە هیچ لە هیچ ناگۆڕێت. بەردەوام دەبین لە بەرەو پێشەوەچوون لە رێگای خۆمان".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریینەکردنی هەدەپە لە دانیشتنی کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانان، رایگەیاند ''تێناگەن لەوەی کە بۆچی بەشدارییان نەکردووە؟ ئێوە دەزانن، جێگەی ئەوان قەندیلە''.