salim hamaxan- hemn husain
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان مەحموود سەنگاوی رایگەیاند: "ئەوانەی دوێنێ بەناوی رژێمی بەعسەوە کیمیابارانی ھەڵەبجەیان کرد، ئەمڕۆ بەسەر و سیما و جلوبەرگێکی دیکەوە لەژێر ناوی داعشدا رۆژانە رۆڵەی کورد شەھید دەکەن".
سەنگاوی گوتیشی: "بۆئاگاداریی ھەموو لایەک میللەتەکەمان لەمەترسیدایە، ئەگەر ئەو مەترسییە جارێکیتر وەک ساڵی ١٩٧٥ بەسەر میللەتەکەماندا بێت، ئەو کاتە ھەموو سەرکردایەتی سیاسیی کورد وەکو خائین تەماشا دەکرێت، بۆیە سەردەمی ئەوەیە لایەنە سیاسیەکان یەکبگرن، ھێز و تواناکانمان یەکبخەین، بەگژ دوژمنان و داگیرکارانی ئەم وڵاتەدا بچینەوە، نەک دەسەڵات و دەسەڵات پاوانکردن وامان لێ بکات کە دوژمنانی میللەتەکەمان لەبیر بچێتەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا سەنگاوی گوتیشی: "ئەبوبەکر بەغدادی و ھەموو ئەوانەی کە بەناوی دینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەوڵەتی ئیسلامیی دروست دەکەن ھەمان کۆنە بەعسیەکانن، کە لەساڵی ١٩٨٨ ھەڵەبجەیان وێران کرد، ئەو شیعانەش کە خۆشەویستن لای ئێمە، ئێستا بەرنامە دادەنێن بۆ ئەوەی کە ئایا دوای نەمانی داعش چۆن پەلامارمان بدەن، ئەفسەرێکی گرووپی خوراسانی لە شارەدێی گوڵاڵە پێی گوتم "شانازی بەوە دەکەم دوای نەمانی داعش لە دژی ئێوە شەڕ بکەم و لەکەرکوکدا بکوژرێم".
لەکۆتایی قسەکانیدا فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە گوتی: "بابێین لەسەر شەرەفی خوێنی شەھیدانی ھەڵەبجە یەکبگرینەوە، چونکە مەترسی لەسەر میللەتەکەمانە، چونکە دوای داعش، شەڕی گەورەترمان لەپێشە".
گوتەکانی مەحموود سەنگاوی لەمیانەی مەراسیمێک بوو کە پەردە لەسەر کارێکی ھونەریی ئەندازیار خوسرەو جاف بەناوی (لەبیری ناکەین) لادرا، کە مۆنۆمێنتی یادگاریی ھەڵەبجە دانراوە و ئاماژەیە بۆ لەیادنەکردنی مەرگی پێنج ھەزار شەھیدی کیمیابارانی شارەکە.
لەبارەی ناوەرۆکی کارە ھونەریەکەیەوە ئەندازیار خوسرەو جاف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "کارە ھونەریەکەم ھێمایەکە بۆ زیندوو ھێشتنەوەی ئەو تاوانەی دەرھەق بەخەڵکی شارەکە کرا بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بۆھەمیشە ئەو تاوانە لەبیر نەکەن".