Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
سیاسەتمەدار و پەڕلەمانتاری پێشووی پەڕلەمانی توركیا، لەیلا زانا دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گڵكۆی سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەلال تاڵەبانی لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە خانەوادە و حزبەكەیی و هەموو لایەك گەیاند و رۆڵی تاڵەبانی لە پڕۆسەی ئاشتەوایی و لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان بەرز نرخاند.
لەیلا زانا لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دوا و لە بارەی تاڵەبانی گوتی: "خەباتی مام جەلال گەلێك مەزن بوو، ئەو بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەناو توركیاش خەباتێكی مەزنی كرد و گەلێك جار ئەگەر بێدەنگی بوبێت و گەنجان نەكوژرابن، ئەوا رۆڵی مام جەلال بوو، خەباتی ئەو بۆ تەنها بۆ كورد نەبوو بەڵكو بۆ ئارامی ناوچەكەش خەباتێكی مەزنی كرد".
ئەو گوتی: "مام جەلال شەخسیەتێكی پڕ مەزن بوو، دڵێكی فرە و نەفسێكی بچووك ، ئاسۆیەكی مەزنی هەبوو، خەباتی مام جەلال بۆ هەموو كوردێك بوو، بۆ یەكەمجار 24 ساڵ پێش ئێستا لە فڕۆكەخانەی دیاربەکر مام جەلالم ناسی، ئەو وەك پێشەنگێكی دیپلۆماسی دەستی ئێمەی گرت و ئەمڕۆ وەك شاگردێكی ئەو لێرەین".
لەیلا زانا هیوای خواست، شوێنكەوتووانی جەلال تاڵەبانی لەسەر رێبازەكەی ئەو هەنگاو بنێن.
جەلال تاڵەبانی لە رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
رۆژی هەینی رابردوو لە رێوڕەسمێكی گەورەدا لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا و رۆژانی دواتریش پرسەكەی لە شاری سلێمانی و هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە دوایی ئەوەش، رۆژانە ژمارەیەكی زۆری بەرپرسان و سیاسەتمەداران و حزب و لایەنەكان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوەش سەردانی گۆڕەكەی دەكەن بۆ دانانی تاجە گوڵینە.