Azad Mohammed Abdullah
18 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
بەرپرسى لقى سێى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک، محەمەد خورشید رایگەیاند "شەوانە لە نێو کەرکووکدا شەڕە تەقە دروست دەبێت و لە لایەن حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان و پۆلیسى ئیتیحادى تەقە لە هاووڵاتییان کوردی کەرکووک دەکرێت و لە رۆژیشدا هەڵمەتى پشکنین و هەڵکووتانە سەر ماڵان هەیە".
بەرپرسى لقى سێى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک، محەمەد خورشید لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو لەبارەى رەوشى کەرکووک گوتى: "ناوەندى شارى کەرکووک بە دۆخێکى نائاسایی تێپەڕ دەبێت و سوپاى عێراق و چەکدارانى حەشدی شەعبى بە هەموو گەڕەکە کوردییەکانى شارى کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە، بە داخەوە هەموو شەوێک لەنێو شاردا شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە لایەن حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان و پۆلیسى ئیتیحادى تەقە لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت و لە رۆژیشدا هەڵمەتى پشکنین و هەڵکووتانە سەر ماڵان هەیە، ئەمەیش تەنها لە گەڕەکە کوردییەکان ئەم رێکارانە گیراوەتەوەبەر و گەڕەکە شیعەنشینەکانى کەرکووک لە دۆخێکى ئارامدان و هیچ گرفتێکیان نییە".
- "داعش لە باشوور و رۆژئاواى کەرکووک کەوتوونەتە جوڵە"
بەرپرسى لقى سێى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک گوتیشى: "دەرەوەى پارێزگاى کەرکووک بە تایبەت باشوور و رۆژئاواى پارێزگەکە رۆژانە زانیارییمان پێدەگات کە تیرۆریستانى داعش لە سنوورى قەزاى دووبز و داقوق و هەروەها ناحییەى رەشاد و تەواوى سنوورەکانى حەویجە کەوتوونەتە جوڵە و تەقینەوە ئەنجام دەدەن و هەڵدەکووتنە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە هەمان کاتیشدا تەقە لە حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان دەکەن، حەشدى شەعبى لەبرى ئەوەى رێگرى لە کار و چالاکییەکانى داعش بکات لە باشوور و رۆژئاواى کەرکووک، هێزەکانى خۆیان لە گەڕەکە کوردییەکانى پارێزگاکە جێگیر کردووە".
محەمەد خورشید دەڵێت: "پارتى دیموکراتى کوردستان لە بنەڕەتدا لە کەرکووک دەرکراوە، بارەگاکانى پارتى لە کەرکووک داگیرکراون و بەتاڵانبراون. بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارتى لە کەرکووک لە گەڕەکى شۆراو ئێستا بووەتە بارەگاى سەرکردایەتى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، بارەگاى لقى سێى پارتى لە کەرکووک ئێستا بارەگاى حەشدى تورکمانی شیعەیە".
لەبارەى گەڕانەوەیان بۆ شارى کەرکووک، محەمەد خورشید گوتى: "گەڕانەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کەرکووک پەیوەندى بەو بارودۆخە هەیە کە لە ئایندەدا دێتە پێشمان، باوەڕم بە هیچ مەرجێک نییە بۆ گەڕانەوە، بەڵام ناکرێت بگەڕێینەوە شارێک لە کاتێکدا بارەگاکانمان داگیرکراوە و رێگە لە چالاکییە حزبییەکانى ئێمە دەگیرێت و بەچاوى دوژمندارییەوە سەیرمان دەکرێت".
لەبارەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک وهەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێ بۆ شارەکە، بەرپرسى لقى سێى پارتى لە کەرکووک گوتى: "پێش بابەتى هەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکووک، دەبێت بابەتى لەکارلادانى پارێزگارى پێشووى کەرکووک، نەجمەدین کەریم یەکلایی ببێتەوە، لەبارەى پارێزگارێکى نوێ ئێمە گفتوگۆى جددى لەسەر ئەو کەسە دەکەین کە دەبێتە پارێزگار، ئەگەر پڕکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکووک بە کوردێک بۆ رەوایەتیدان بێت بە بڕیارانەى کە ئێستا دەرحەق بە کورد دەدرێن کە لە بە عەرەبکردن و بە شیعەکردنى سنوورەکە خۆیان دەبینێتەوە ئەمە قبووڵکراوە نییە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە شەرعییەت بدات بە پارێزگارێک کە خۆى بەشیک بووە لەو داگیرکارییەى کەرکووک و دەنگ بەو کاندیدە نادەین بەشێک بێت لەوەى رەوایەتى بدات بەو بڕیارانەى بەسەر کەرکووکدا سەپێندراون".
محەمەد خورشید ئاماژەى بە رێگەچارەى کێشەکانى کەرکووکدا و گوتى: "پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کەرکووک و یەکلاییکردنەوەى کێشەکانى ئەو پارێزگایە باوەڕى تەواوى بە گفتوگۆ و دیالۆگ هەیە، پرسى کەرکووک و پرسى هەرێمی کوردستان یەک پرسن و لەیەکترى جیاناکرێنەوە، هەرکاتێک حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى عێراق گەیشتنە رێککەوتن، دۆخى کەرکووکیش ئاسایی دەبێتەوە".
سەبارەت بە رۆڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەبارەى رووداوەکانى کەرکووک، بەرپرسى لقى سێى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت "ئەوەى تا ئێستا ئێمە لە کۆمەڵگەى نێودەولەتى دەیبینین هەموو تاوانەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقییان پەردەپۆش کردووە کە بەرامبەر خەڵکى سڤیل و بەرامبەر دامودەزگا حکوومى و حزبییەکانى کەرکووک ئەنجامدراوە، بێدەنگن لەو پڕۆسەی بە عەرەبکردن و بە شیعە کردنەى لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە ئەنجام دەدرێت، بێ دەنگى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى شەرعیەتدانە بەو کارانەى حکوومەتى فیدراڵى ئەنجامى دەدات بەرامبەر خەڵکى بێ دەسەڵاتى کەرکووک".