Sarmand Hameed
15 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2022
هەولێر - AA
لەسەر داواى رێبەری رەوتى سەدر، موقتەدا سەدر، سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانی رەوتەکە بۆ ئەنجامدانی نوێژى هەینى بەکۆمەڵ روویان لە ناوچەى سەدرى بەغدا کردووە.
ئەم گردبوونەوەیەی لایەنگرانی سەدر لەسەر داوای موقتەدا سەدر بوو کە پێشتر داوای لە لایەنگرانی رەوتەکە کردبوو بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی روو لە ناوچەی سەدر بکەن.
لە ئێوارەی دوێنێوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە لایهنگرانی سەدر روویان لە گۆڕەپانی ئەنجامدانی نوێژەکە کرد و هێزە ئەمنییەکانیش رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.
چاوەڕێ دەکرێت رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر خۆی گوتاری هەینی بخوێنێتەوە.
ئەم نوێژه بەکۆمەڵە پێشتر لەلایەن بەرپرسانی رەوتی سەدرەوە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە بەجۆرێک داوا لەو کەسانە کرابوو کە بەشداریی لەو نوێژەدا دەکەن، پابەندی رێنماییە تەندروسییەکان بن و نوێژخوێنان بەرماڵ لەگەڵ خۆیان بهێنن و جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەکی دیکە هەڵنەگرن.
رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژارنەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا، بهڵام دوای ئهوهی نهتوانرا دانیشتنی پهرلهمان بۆ ههڵبژاردنی سهركۆمار و دواتر راسپاردنی سهرۆكوهزیران سازبكرێت، مانگی رابردوو سەرجەم ئەندامەکانی فراکسیۆنی رەوتەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان له ئهندامێتیی پهرلهمان كێشایهوه.