Abdullah Abdulmanaf Shukur
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک، دەیڤد شنکەر کۆبووەوە
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەیڤد شنکەر کۆبووەتەوە و تێیدا شنکەر خواستی وڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا شنکەر رایگەیاندووە کە ئەوان ھانی گفتوگۆی ھەولێرـ بەغدا دەدەن و ھیوادارن ھەردوولا بگەنە رێککەوتن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ھاوکات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ھەولێر بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیو تولەر و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە دەیڤید کۆپلی و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان رۆبێرت واڵەر بەڕێوە چوو، پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، لێکەوتەکانی پەتای کۆڤیدـ١٩، دۆخی ئابووری و دارایی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، سەرھەڵدانەی تیرۆر و پەلامارەکانی داعش، کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا، پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ئاوارەکان و خۆپیشاندانەکان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ھەرێمی کوردستان، تاوتوێكران.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیی ھەوڵەکانی چاکسازیی و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمەش لەڕێگەی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتەکانی دیکەی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و رەخساندنی درەفەتی زیاتر بۆ کار و وەبەرھێنانی بیانی. لەمبارەیەوە شاندی ئهمریكی دووپاتی کردەوە کە ھانی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنەرانی ئهمریكی دەدەن بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنان بکەن.