Hemin Hüseyin
03 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2019
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە کۆنسولی گشتی یۆنان لە ھەرێمی کوردستان، ئیفسیمیۆس کۆستۆبۆلۆس و شاندێکی یاوەری.
ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا، کۆستۆبۆلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی وەک یەکەم کۆنسولی یۆنان لە ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە و تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و یۆنان و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ھەروەھا پێکەوەژیان و کولتووری لێبوردەیی و پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەرز نرخاندووە.
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆستۆبۆلۆس کردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە و پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێم و دامودەزگاکانیشی بۆ کارەکانی دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان و پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاوازەکان پێشکەشکردووە و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە بەپێی یاسا دەرفەتی باش بۆ وەبەرھێنەران لە ھەرێمی کوردستان رەخسێنراوە و وەبەرھێنەرانی یۆنان-یش دەتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەرگرن.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆگرامی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەھدی دەکات.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بووە.