دهۆک-AA
دامەزرێنەر و ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى، دیندار نەجمان دۆسکى رایگەیاند "حەشدى شەعبى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێت بووەتە مەترسى لەسەر ئاسایشى نێودەوڵەتى لە نێویشیان ئاسایشى تورکیا، تەنانەت مەترسى ئەوەش لە ئارادایە کە عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان حەشدى شەعبى بەکاربهێنێت".
ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دیندار نەجمان دۆسکى کە نزیکەى دووساڵ دەبێت دەست لەکارکێشانەوەى خۆى لەو حزبە راگەیاندووە، ئێستا وەک چاودێرى سیاسى خۆى دەناسێنێت. لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو تیشکى خستە سەرپەیوەندییە ئابوورى و سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا و رۆڵى سەرۆکى هەرێم بەرزنرخاند لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا و گوتى: "پەیوەندییە ئابوورى و سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکى باشدایە رۆژ لە دواى رۆژ پێشڤەچوونى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى بۆ تورکیا و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە لە کاتێکى هەستیاردا بوو چونکە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گۆڕانکارى خێرادایە. هەروەها هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە پێشوازى بارزانى بەڵگەى ئەوەیە کە تورکیا هاوهەڵوێستە لەگەڵ هەرێم".
گوتیشى: "تورکیا و هەرێمى کوردستان چەندین ئامانجى هاوبەشیان هەیە لە سەرووى هەموویان ئامانجە سیاسى و ئابوورییەکانە و دواتر بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، لەناوبردنى داعش، کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و رەققە هەروەها قۆناغەکانى دواى نەمانى داعشە لەو ناوچانە. لە هەمان کاتیشدا دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتی لە تورکیا. هەموو ئەمانە ئامانجى هاوبەشى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستانن لە ئێستا و داهاتوو کار لەسەر بەدیهێنانیان دەکەن".
دیندار دۆسکى ئەوەیشى گوت: "بەهۆى زاڵبوونى هەژموونى شیعە و دەسەڵاتى ئێران لە عێراق، هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و ئابوورییەوە بووەتە جێگرەوەى عێراق بۆ تورکیا، ئەمەیش لە بەرژەوەندى تورکیا، هەرێم و تەواوى ناوچەکەدایە، چونکە هەرێمى کوردستان هەم لە رووى نەتەوەیی و هەمیش لە رووى ئایینیەوە جێگەى ئارامى سنوور و ئاسایشى تەواوى تورکیا دەبێت".
ناوبراو پێى وانییە کە تورکیا دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان بێت و، گوتی: "دروستبوونى دەوڵەتى کوردى لە دەست خەڵک و سەرکردایەتى سیاسى کورددایە، لە بەرژەوەندى تورکیایە هەرێمى کوردستان ببێتە دەوڵەت، چونکە دەبێتە یەکێک لە باشترین دراوسێکان بۆ تورکیا. لە هەمان کاتیشدا پێویستیشە کورد لەوە تێبگات کە مامەڵەى تورکیا لەگەڵ هەموو کوردێک وەک یەک نییە، تورکیا هەموو گەلى کورد ناخاتە قالبى چەکدارانى پەکەکەوە".
- "هەرێم، هاوپەیمانێکى بەهێزى تورکیایە"
دیندار نەجمان دۆسکى دەڵێت "لە ئێستادا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەسەر دوو بەرە سوننە و شیعە دابەشبووە، ئێران هەژموونى شیعە بەسەر عێراق، سووریا و چەند وڵاتێکى دیکەدا سەپاندووە و ئاڵۆزى تایفى لەنێوان پێکهاتەکان دروست کردووە، بۆ رێگریکردن لەو هەوڵەى ئێران و، بەهێز هێشتنەوەى بەرەى سوننە لە ناوچەکە هەرێمى کوردستان هاوپەیمانێکى بەهێزى تورکیایە".
دۆسکى دەسەڵاتى شیعە لە تەواوى ناوچەکە بەهەڕەشە دەزانێت و دەشڵێت "ئێران وڵاتێکە لەسەر بنەماى مەزهەبى و تایفى دامەزراوە. لە هەمان کاتیشدا کێشەى تایفى و مەزهەبى گواستووەتەوە وڵاتانى سووریا، عێراق، یەمەن، بەحرێن، کوێت و تەواوى ئەو وڵاتانەى پێکهاتەى سوننە و شیعە تێیدا دەژین، تەنانەت بەهێزى سەربازیش دەستیوەرداوە لە کاروبارى ئەو وڵاتانە، ئەمانە هەموو مەترسى و هەڕەشەن بۆ بەرپابوونى جەنگێکى گەورە لەنێوان ئێران و سعوودیە".
ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دیندار نەجمان دۆسکى کە نزیکەى دووساڵ دەبێت دەستى لەکارکێشاوەتەوە پێیوایە کە حەشدى شەعبى لە عێراق بەدیلى سوپاى پاسدارانە هەروەها ئاشکراشى دەکات کە زۆربەى ئەو چەکدارانەى ئێستا لە ریزى حەشدى شەعبى و عەسائبى ئەهلى حەق-دان، پێشووتر سەربە پاسدارانى ئێران و هێزە جیا جیاکانى ئەو وڵاتە بوون، ئێستاش بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى ئێران لە عێراق و سووریا شەڕ دەکەن. ئێران ئەو هێزانەى بەسەر ئەو وڵاتانە بڵاوپێکردووە بەبیانوى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، لە کاتێکدا خۆى یەکێکە لە ئەگەرەکانى سەرهەڵدانى تیرۆر و رەوتى توندڕەوى لە وڵاتانى ناوچەکە".
- دۆخى ناوخۆی هەرێمى کوردستان
ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دیندار نەجمان دۆسکى لەبارەى دۆخى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان گوتى: "ناکۆکى نێوان حزبەکانى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێم کاریگەرى لەسەر پێگەى کورد هەبووە، چونکە جیاوازى هەیە لە پەیوەندى حزبەکان لەگەڵ وڵاتە هەرێمییەکانى ناوچەکە، هەر لایەنێکى سیاسى هەرێم بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ دەکات. بۆیە لەو گۆڕانکارییانەى لەبەردەم ناوچەکەدایە کە لەوانەیە عێراق و سووریا دابەش بن بۆ چەند دەوڵەتێک. ئەو کاتە ئەگەر ئەو لایەنە سیاسیانەى هەرێمى کوردستان یەکگرتوو نەبن زیانى گەروە بەهەموو گەلى کورد دەگات".
دۆسکى دوو رێگەچارەى پێیە بۆ دۆخى هەرێمى کوردستان، یەکەم رێگەچارە ئەوەیە پارتى و یەکێتى و یەکگرتوو رێکبکەون لەسەر پێکهێنانى حکوومەتێکى نوێ و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەمە کاتێک سەردەگرێت کە بزووتنەوەى گۆڕان خۆى ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت. بژاردەى دووەم بۆ چارەسەرکردنى دۆخى چەقبەستووى ناوخۆی هەرێمى کوردستان ئەوەیە هەڵبژاردنێکى پێشوەخت بکرێت یان ئامادەکارى بکرێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى مانگى ئەیلوولى ئەمساڵ بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت".
هەروەها دەڵێت "ناکۆکى نێوان پارتى و بزووتنەوەى گۆڕان لە قالبى ناکۆکى سیاسى دەرچووە و گەیشتووەتە خانەى دژایەتیکردن، بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان پێویستە یەکێتىی نیشتمانیى کوردستان رۆڵى خۆى بگێڕێت هەرچەند پێموانیە کارێکى ئاسان بێت، بەڵام لە تواناى ئەو حزبەدایە کە پارتى و بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆبکاتەوە".
- "لایەنە ئیسلامییەکان ناتوانن یەکبگرن"
ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دیندار نەجمان دۆسکى کە دەستى لە کارەکانى یەکگرتوو کێشاوەتەوە، لەبارەى لایەنە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستان دەڵێت "ئەوەندە ئاسان نییە لایەنە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستان بتوانن یەکبگرن، یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵەى ئیسلامى لە رابردووش بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنەکانیان کرد، کەچى سەرکەتوو نەبوون، بۆیە پێم وانییە لایەنە ئیسلامییەکانى هەرێم بتوانن یەک لایەنى ئیسلامى پێکبهێنن، چونکە جیاوازى بیروڕا لەنێوان هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکەدا هەیە".
دیندار دۆسکى کۆبوونەوەى لایەنە ئیسلامییەکان و دەنگۆى پێکهێنانى بەرەیەکى هاوبەشى ئیسلامى وەک کاردانەوەى لایەنە ئیسلامییەکان بەرامبەر رێککەوتنى نێوان یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان هەژمار دەکات. لە هەمان کاتیشدا ترسى هەڵبژاردن و لە دەستدانى دەنگى دەنگدەرانیش کاریگەرى لەسەر لایەنە ئیسلامییەکان دروست کردووە بۆیە زیاتر لێک نزیک بوونەتەوە، رەنگە وەک لیستێکى هاوبەش بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام نابنە یەک حزبى ئیسلامى کوردستانى".
ئەو ئەندامەى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان خەباتى لایەنە ئیسلامییەکانى هەرێم لە خزمەتکردنى هەرێمى کوردستان و ئایینى ئیسلام بێ کەموکوڕى نابینێت و دەڵێت "هەرچەند تاڕادەیەک خزمەتییان کردووە، بەڵام وەک پێویست نەبووە، چونکە تا ئێستا حکوومەتیان بەدەستەوە نەبووە".
- "ئێران بۆ دژایەتکردنى تورکیا سوودى لە پەکەکە بینیوە"
دیندار دۆسکى رووى قسەکانى کردە پەکەکە و گوتى: "گەورەترین هەڵە ئەوەیە پەکەکە دەست لە کاروبارى هەرێمى کوردستان وەربدات، ئەم هەڵەیە زیانى بەهەرێم گەیاندووە. بەڕاستى هەرێمى کوردستان جێگەى چەکدارانى پەکەکە نییە، بۆیە دەبێت لە تەواوى هەرێمى کوردستان دەربچن بەشنگالیشەوە".
گوتیشى: "کارو چالاکییەکانى پەکەکە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى کارى سیاسى دەرچووە دژایەتى لایەنێکى دیاریکراو (پارتى) دەکات و کەوتووەتە ژێر کاریگەرى چەند وڵاتێکى هەرێمى ناوچەکە، ئێرانیش بۆ دژایەتیکردنى سوودى لە پەکەکە بینیوە، بۆیە دەبێت پەکەکە خۆى باوەڕ بەخۆى بهێنێت کە مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى هیچ لایەنێک نییە، چونکە ئاشکرایە ٣٠ ساڵە چەکدارانى پەکەکە خزمەتى دۆزى کوردى ناکەن و تەنانەت بووە هۆى ئەوەى پڕۆسەى ئاشتى بوەستێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

