Hatice Şenses Kurukız,Muhammet Ali Kemal
01 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بەوەی بەئەمریکایان راگەیاندووە ''ئەوان بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە و یەپەگە لە منبج بن و بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی رەققەدا بکەن''، راشیگەیاند ''گوتمان 'ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ کەسێک لە رێکخراوی تیرۆریستی لەپەیەدە و یەپەگەدا نابین و رێکناکەوین. هاوشانی ئەوان ناچینە بەرەنگارییەکی لەوجۆرەوە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە کارکردنی ئەمریکا لە سووریا لەگەڵ یەپەگەدا گرت و گوتی: ''سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا سەرەتا بەشێوەیەکی ئەرێنی تەماشای سوپای سووریای ئازادی دەکرد، بەڵام دواتر پێکهاتەیەکی بەناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات هێنایە ئاراوە. بەدڵنیاییەوە ئێمەش دژی ئەمە وەستاینەوە. چونکە لەنێو ئەو پێکهاتەیەدا ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی بوونیان هەیە، وەک پەیەدە و یەپەگە. لەبەر ئەوەی کە ئەوانیشی تێدان، ئێمە دژی وەستاینەوە. گوتمان 'ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ کەسێک لە پەیەدە و یەپەگەدا نابین و رێکناکەوین. هاوشانی ئەوان ناچینە بەرەنگارییەکی لەوجۆرەوە. چونکە مەحاڵە ئێمە رێکخراوێکی تیرۆریستیی وەک دژی رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیکە تەماشا بکەین. لەبەر ئەوەی ناکرێت رێکخراوێکی تیرۆریستیی خراپ بێت و ئەوی دیکەیان باش بێت، هەموویان خراپن. بەرەنگاریشمان هاوشانی سوپای سووریای ئازاد هەر بەو سووربوونەوە بوو. لەهەریەک لە جەرابلوس، راعی، دابق و ئەلباب سەرکەوتنمان بەدەست هێنا. سوپای سووریای ئازاد ژمارەیەک شەهیدی زۆری دا. هاوکات ئێمە شەهیدی زۆرمان هەیە بەڵام قارەمانەکانمان لەوێ باجێکی ئێجگار قورسیان بەداعش دا''.
- بەرلە رەققە پێویستە منبج پاکبرێتەوە
ئەردۆغان باسی لە گرنگیی پاککردنەوەی منبج بەرلە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققە کرد و رایگەیاند:
''قۆناغی ئێستا چییە؟ وەک پێشتریش گوتم قۆناغی ئێستا منبجە، چونکە منبج ناوچەیەکە کە هی عەرەبەکانە. شوێنی پەیەدە و یەپەگە نییە. ئێمە ئەمەمان بەدۆستە ئەمریکییەکانیشمان گوت. گوتمان کە 'بەدڵنیاییەوە پێویستە کە پەیەدە و یەپەگە بچنەوە خۆرهەڵاتی فورات. پێویستە ئەوانە لەوێ نەمێنن'. ئەوانیش لەبەرامبەردا بەردەوام بەئێمەیان دەگوت 'چوونەتەوە خۆرهەڵاتی فورات، دەچنەوە'، بەڵام هێشتا نەکشاونەتەوە. پێویستە ئەو ناوچەیە چۆڵبکەن و خەڵکی منبج بچنەوە ئەو شوێنە. قۆناغی دوای ئەوە چییە؟ لەبەر ئەوەی کە بەرەنگاریی ئێمە لەگەڵ داعشدایە، هەرلەبەر ئەوە ئەگەر لە بەرەنگارییماندا دژی داعش بەراستی هاوپەیمانەکانمان راستگۆ بن، ئەوا ئێمەش دەڵێین 'لەگەڵ ئێوەدا جووڵە دەکەین. تەنها لەبەر ئەوەی رەققە لە داعش پاک بکەینەوە و ئەوێش رادەستی خاوەنە راستەقینەکانیان بکەینەوە'. واتە وەک تورکیا ئێمە خەم و ئامانجی مانەوەمان لەو ناوچانە نییە. کێ خاوەنی ئەو ناوچانەیە، با ئەوان بێنەوە. چونکە ئەو ناوچانە مایەی هەڕەشەن بۆسەر ئێمە، ئێمە نامانەوێت ناوچەیەک لە دەورووبەرمان هەبێت کە مایەی هەڕەشە بێت بۆ سەرمان. خەڵکانی ئەو ناوچەیە نەک تەنها دۆستی ئێمە بەڵکو خوشک و برامانن. بەڵام بەداخەوە کە ژمارەیەک هێزی دوژمن هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و بوونە مایەی ناڕەحەتی ئێمە لەهەریەک لە عەنتاب، ئورفا و کلیس. ئەمەیە ناوەڕۆکی بابەتەکە''.