Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، کۆلۆنێل مایلیس کاگنس رایگەیاند کە داعش لە عێراق و سووریا ماوە و شانەی نوستوویان ھەیە.
کۆلۆنێل مایلیس کاگنس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە هەولێر گوتی: "کاتێک داعش بەشێکی عێراق و سووریای داگیرکرد، تاوانەکانی نیشانی جیھان دا لەگەڵ دەستدرێژی بۆسەر ئێزدییەکان. لە هەمانکاتیشدا کاتێک تیرۆریستانی داعش بەرەو کوردستان هەنگاویان نا، پێشمەرگە بەوپەڕی شکۆبەرزییەوە رووبەڕوویان بووەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەماهەنگییان کرد و ئێمەیش هێزی ئاسمانیمان بەکارهێنا بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە لەسەر زەوی بەرەو مووسڵ و رووبەڕووی داعش بوونەوە".
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، کۆلۆنێل مایلیس کاگنس گوتیشی: "بەیەکەوە لەگەڵ پێشمەرگە داعشمان تێکشکاند و لە میانی شەڕی دژبە داعش، دوو هەزار پێشمەرگە شەهیدبوون و زیاتر لە ١٠ هەزار پێشمەرگەش برینداربوون، گومان لەوە نییە کە ئاڵای ئێوە رەنگی سوور و سەوز لەخۆدەگرێت، سوور مانای خوێنبەخشینە و سەوزەکەش نیشانەی هیوا و ژیانە".
کۆلۆنێل مایلیس کانگس ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: "ھاوپەیمانی بە تەئکید گیانفیدایی و شەڕکردنی هێزی پێشمەرگەی لەبیرناچێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەوە دەزانین کە تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق شانەی نوستوویان هەیە و خۆیان حەشارداوە، بەڵام بینوومانە کە سەرکەوتوویی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە هەیە".
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، کۆلۆنێل مایلیس کاگنس گوتیشی: "ئێمە وەک هاوپەیمانان هاتووین یارمەتی ئێوە بدەین لە رووی ئاسایش و سەقامگیری و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکەین، بەردەوامیش دەبین لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە رووی مەشق و راهێنانەوە بەتایبەت لەم دواییە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە کراوە لەبواری بەکارهێنانی چەکی تایبەت و بەهەمانشێوەش هەندێک راهێنان دەربارەی تاکتیکی سەربازی و رووبەڕووبوونەوە لە لایەن مامۆستایانی کەنەدی بە هێزەکانی پێشمەرگە کراوە و بەردەوامیش دەبین".
کۆلۆنێل مایلیس کاگنس راشیگەیاند کە سەدا ٢٥ی ھاوپەیمانان لە کوردستان ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەبن کە هەریەک لە وڵاتانی فینلاند، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، سوید، ھۆڵەندا و چەندین وڵاتی دیکەش بەشدارن.
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، کۆلۆنێل مایلیس کاگنس دەربارەی رۆڵی ژنانیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆریستان گوتی: "لە بنکەی بنەسڵاوە، پێشمەرگە ئافرەتەکان مەشقێکی حەوت ھەفتەیان بە سەرکەوتووی ئەنجامدا و ئەوان فێرکران چۆن چەکی پێشکەوتوو بەکاربھێنن و چۆن رووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە، فێری ئەوەیش کراون کە چۆن شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بکەن و لەکاتی پێویستیشدا چۆن فریاگوزاری سەرەتایی پێشکەش بکەن، تەواوی راوێژکاران سەرسامن بە تواناکانی پێشمەرگە".