Bayram Altuğ
28 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2019
جنێڤ AA
نێردەی تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ کاروباری سووريا، گێر پێدەرسۆن، رايگەياند، ئێوارەی سبەى سێشەممە لە جنێڤ لەگەڵ هەریەک لە وەزيرى دەرەوەى توركيا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزيرى دەرەوەى رووسيا، سێرگى لاڤرۆڤ و وەزيرى دەرەوى ئێران، محەمەد جەواد زەريف كۆدەبێتەوە.
نێردەی تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ کاروباری سووريا پێدەرسۆن لە ئۆفيسى تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێڤ كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى ئەنجامدا و رايگەياند، ئەو ١٥٠ ئەندامەى ليژنەى نووسینەوەی دەستوورى نوێی سووريا دەگەنە جنێڤ.
پێدەرسۆن راشيگەياند، كردنەوەى فەرمى كۆبوونەوەى ليژنەى نووسینەوەی دەستوور لە ٣٠ى تشرينى يەكەم لە جنێڤ دەستپێدەكات. و گوتى: "ئەو رێككەوتنەى كراوە لەسەر پێكهێنانى ليژنەى نووسینەوەی دەستوور، تايبەتمەندى يەكەم لێكتێگەيشتنى هەيە لە نێوان حكوومەتى سووريا (رژێمى ئەسەد) ئۆپۆزيسيۆندا".
نێردەی تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ کاروباری سووريا، گێر پێدەرسۆن، ئاماژەى بەوە كرد كەوا ليژنەى نووسینەوەی دەستوور لە سووريادا دەرگا دەكاتەوە بۆ "پرۆسەيەكى سياسى بەرفراوانتر" و گوتى: "ئێمە ئاگادارى تەواوى ئەو راستييەين كە تەنها بە ليژنەى نووسینەوەی دەستوور ناكۆكييەكانى سووريا چارەسەر ناكات، ناتوانێت چارەسەرى بكات. ليژنەى نووسینەوەی دەستوور تەنها هەنگاوێكە بەرەو ئاراستەكردنى ئەو رێگا سەختەى جەنگ لە سووريا بۆ سووريايەكى نوێ".
پێدەرسۆن، جەختى لەسەر ئەوە كردەوە كە دەيانەوێت لە رێگەى ليژنەى نووسینەوەی دەستووردا "گۆڕانكارى بەرچاو" ببينن لە سەر ئەرز بەوەى چەندەها جار پێش ئێستاش باسیان كردووە و لە كۆبوونەوەكانى جنێڤ-ش باسى دەكەن کە دەبێت دۆخى زيندانيكراوەكانى سووريا، رفێندراو و بێسەروشێونە سڤيلەكان تاوتوێ بكرێت.
نێردەی تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ کاروباری سووریا گوتى: "دەيان هەزار سوورى هێشتا بەندە، رفێندراوە يان بێسەروشوێنە. داوادەكەم لە پێش هەمووى ژن و منداڵەكان ئازادبكرێن. ئەگەر ئەوە بێتەدى ئەوە بۆ دەستپێكى پرۆسە نوێیەكە و ئەوان (ئەندامانى ليژنەى نووسینەوەی دەستوور) ئاماژەيەكى بەهێز دەبێت".
گێر پێدەرسۆن، ئاماژەى بەوە كرد كە دەبێت دەستوورى نوێى سووريا لە لايەن خەڵكەوە پەسەند بكرێت و سەبارەت بە بريارەكانى كۆبوونەوەى ليژنەى نووسینەوەی دەستوور لە جنێڤ باسى لەوە كرد كە بريارەكان بە كۆى دەنگ دەبێت و ئەگەر كۆى دەنگ نەهاتەدى ئەوە بە زۆرينەى ٧٥% دەنگەكان بڕيار دەدرێت.
- "پیدەرسۆن لە جنێڤ لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى توركيا، رووسيا و ئێران كۆدەبێتەوە"
نێردەی تايبەتى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ کاروباری سووريا، گێر پێدەرسۆن، رايگەياند، ئێوارەی سبەى سێشەممە لە ئۆفيسى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێڤ لەگەڵ هەریەک لە وەزيرى دەرەوەى توركيا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزيرى دەرەوەى رووسيا، سێرگى لاڤرۆڤ و وەزيرى دەرەوى ئێران، محەمەد جەواد زەريف كۆدەبێتەوە.
پێدەرسۆن راشيگەياند كە ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرى يەكێتى ئەورووپا كۆبووەتەوە و رۆژى هەينى رابردووش لەگەڵ نوێنەرى وڵاتاندا كۆبووەتەوە كە "گروپى بچووك" ناوى هێنا.