وان
دوو ساڵ لەمەوبەر دوو ئافرەتی كۆماری چیك بەمەبەستی گەشتیاری روو لە پاكستان دەكەن و دواتر لە لایەن رێكخراوی قاعیدەوە دەڕفێندرێن، دوای دوو ساڵ بە ھەوڵ و كۆشكشی رێكخراوی ھاوكاری مرۆیی ئازادکران.
ئەو دوو ئافرەتە بەناوەكانی "ئەنتۆنیە چراستێك" و "ھانا ھومپالۆڤا"ی تەمەن ٢٧ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٣دا بەمەبەستی بەدواداچوون لە بیروباوەڕ و كەلتووری نەتەوە جیاوازەكان گەشتیان بە جیھادا كردووە.
دوو ئافرەتە گەشتیارەكە لە رێگەی ئێرانەوە بە پاسی گەشتیاری چووبوونە نێو پاكستان و لە خاڵێكی پشكنینی چەكدارانی رێكخراوی قاعیدە دا دەست بەسەر دەكرێن.
لەو كاتەوە ھیچ زانیاریەك لەبارەی ئەو دوو ئافرەتەوە وەرنەگیراوە، دوای ئەوەی كە دایكی ئەو دوو ئافرەتە ھەوڵی جددی دەدەن چەند زانیاریەك وەردەگرن كە رۆڵەكانیان لە ژیاندا ماون و لە پاكستان بارەمتە كراون.
نزیكەی دوو مانگ پێش ئێستا خیزانی دوو ئافرەتەكە چوونە لای رێكخراوی ھاوكاری مرۆیی بەئومێدی رزگاركردنی رۆڵەکانیان و داوایان لە رێكخراوەكە كرد كە ھاوكاریان بكەن.
لەسەر داوای خێزانی دوو ئافرەتە شاندی رێكخراوی ھاوكاری مرۆیی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و دیبلۆماسی عیزەت شاھین پێش مانگێك توانی پەیوەندی لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی قاعیدە دروست بكات و دوای رێكکەوتن لەگەڵ چەكدارەكان و دوو ئافرەتەكە گەیەنرانە توركیا و رەوشی تەندروستیان باشە.