Sarmand Hameed
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ماددەی ١١ی لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدڕالی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ پەسەندکرد کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەکەدا.
دانیشتنی ئاسایی ژمارە ٤٦ی ئەنجوومەنەکە تایبەت بە دەنگدان لەسەر ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دەستی پێکردووە.
لە دانیشتنەکەدا کە ٢١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ لەلایەن لیژنەی داراییەوە خوێندرانەوە و دواتر لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسەندکران.
بەم پێیە، ماددەی ١١ لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدڕالی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کرا.
بەپێی ناوەڕۆکی ماددەکە، ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت و دوای گێڕانەوەی دەستحەقی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنان و خەرجییەکانی گواستنەوە و بڕە پارەی پترۆدۆلار، پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ رادەستی بەغدا بکات لەگەڵ نیوەی داھاته فیدراڵییهكان، لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەولێر دەنێرێت کە بەرێژەی ١٢.٦٧ لەسەدا دیاریکراوە.
ھاوکات کۆی خەرجییەکان لە بوودجەکەدا بە ١٣٠ ترلیۆن دینار و پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە نۆ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار جێگیرکرا.
دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ئاراستەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدڕالی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرەنجام ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرا.