10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2020
حەسەکە/ عزاز-AA
ئەمریکا و فەڕەنسا هەوڵدەدەن لەڕێی بەکارهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بکەن بە هێزێکی یاسایی.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە چەند سەرچاوەیەکی ناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە بەدەستی هێناوە، ماوەیەکە بەنێوەندگیری فەڕەنسا و ئەمریکا داواکارییەکی نوێ لە دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەکەکە/یەپەگە، هاتووەتە کایەوە.
هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا داوایان لە ئەنەکەسە کردووە ریزی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕەکان بەجێبهێڵێت، بۆ ئەو مەبەستە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیشیان هێناوەتە سەر هێڵ کە نزیکترین هاوپەیمانی ئەنەکەسەیە.
ئامانجی ئەو دوو وڵاتەش لە جیاکردنەوەی ئەنەکەسە لە هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەوەیە لە نوێنەرایەتیکردنی کوردانی باکووری سووریا دایببڕن، بەمشێوەیەش تەنها نوێنەری کوردانی سووریا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو پێکهاتە نوێیە دەبێت کە لە باکووری سووریا دادەمەزرێندرێت.
بەپێی ئەم پلانە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لەڕێی ئەو حکوومەتەی لەگەڵ ئەنەکەسە دروستی دەکات، هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت بچێتە ناو ئەو قۆناغە سیاسییە نێودەوڵەتییانەی تا ئێستا توانای بەشداریکردنی تیایاندا نەبووە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەنەکەسە دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە دەنگۆی جیابوونەوەی لە هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕەکان دوورە لە راستییەوە.
جێی ئاماژەیە ماوەی مانگێکە لە شاری حەسەکە دانوستان لەنێوان یەپەگە و ئەنەکەسە دەستی پێکردووە.
بە نێوەندگیری ئەمریکا، فەڕەنسا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەپەگە مەرجەکانی دووبارەکردنەوەی نووسینگەکانی ئەنەکەسە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی و ئازادکردنی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی ئەنەکەسەی جێبەجێکردووە.