Heman Hussein Yaseen
10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2020
هەولێر - AA
بڕیار بوو سبەی دووشەممە، پەرلەمانی کوردستان میوانداری وەزیری تەندروستیی بکات و لەسەر رەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
هاوکات وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند "هەفتەی رابردوو پێمان راگەیاندرابوو کە سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی کوردستان میوانداری دەکرێین، بەڵام ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەناچێت و بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، ئێمەش راپۆرتەکەمان ئامادەیە و لە داهاتووشدا هەر کاتێک پێویست بکات، زانیارییەکان دەخەینەڕوو".
بە پێی زانیارییەکان، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دوای کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، ٧ی ئایار کە بڕیار لەسەر هەڵگرتنی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر تيدا دەرکرا، یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان بووە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، هیمداد سەباح بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستان و پێشی وابوو کە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت.
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ٢٤ کاتژمير زووتر، پەرلەمانتاران لە بەرنامەی کار ئاگادار دەکرێنەوە.