بەغدا
فلح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عێراق لەبارەی چارەنوسی ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێران کە لە عێراق چالاکی ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ھەریەکە لەنوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند نوێنەرێکی دیکەی دیپلۆماتی وتووێژیان کردووە.
فەیاز گوتی " حکومەتی عێراق بەم نزیکانە لەمەڕ ئەو پرسە دەگاتە بڕیاری کۆتایی، ڕێکخراوی موجاھیدینی خەلقی ئێران، دەبێ بچێتە وڵاتانی دیکە، ئێستا عێراق پێویستی بە ئامۆژگاریی نییە بەڵکو خوازیارە ئەو وڵاتە بتوانێ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بە میوان وەربگرن لە وڵاتانی خۆیاندا" .
راوێژکارەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راشیگەیاند حکومەتی عێراق چەند بژاردەیەکی لەبەردەستدایە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، یەکێ لە بژاردەکان داخستنی کەمپی (ئەلحوڕیە)یە کە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەی تێدا نیشتەجێن.
لەلایەکی دیکەوە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ( جیۆرجی پۆستێرن) داوای لەعێراق کرد ڕێگە چارەی ئاشتیانە بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوە رێککەوتننامەی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان تەئکید لە پاراستنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکاتەوەو بە چاوێکی مرۆڤانەوە دەڕوانێتە پرسی ئەوان.
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد ئەوان ھاریکار دەبن لەگواستنەوەی ئەو ئەندامانەی رێکخراوی موجاھیدینی خەلق و نیشتەجێ کردنیان لەوڵاتانی دیکە.
حکومەتی عێراق لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١٢ دەستیکرد بە گواستنەوەی سێ ھەزارو ٤٠٠ ئەندامانی ڕێکخراوی موجاھیدینی خەلقی لە کەمپی ئەشرەفەوە بۆ کەمپی ئەلحوڕیە گواستەوە.
ڕێکخراوی موجاھیدی خەڵک لە ساڵی ١٩٦٥ دامەزراوەو سەرەتا لە دژی شای ئێران کارو خەباتی دەستپێکرد، ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی شا بوو. دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ و لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوویەوە بە ئۆپۆزسیۆن.
لە سەرەتای شەڕی نێوان ئێران -عێراقدا زۆرێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بەرەو عیِراق ھەڵاتن و لەلایەن سەدام حوسێنی سەرۆکی لەکارلابراوی عێراق چەکیان پێدراو لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیشەوە ٢٠٠٣ داوای دەرکردنی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق دەکرێ.