بەغدا
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی عێراقی و کوژرانی هەر چوار سەرنشینەکەی لە پاریزگای ئەنبار راگەیاند، هۆی کەوتنەخوارەوەیشی بۆ کێشەیەکی تەکنیکی گێڕایەوە.
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بە ئانادۆڵو گەیشتوە، رایگەیاندوە، ئەمڕۆ سوپا قارەمانەکەمان پۆلێ لە شەهیدان لە فڕۆکەوانیی سوپا بەڕێ دەکا کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرک و لە ئەنجامی روودانی کێشەیەکی تەکنیکی لە فڕۆکەکەیان بەهۆی خراپیی کەش و هەواوە، لە ئەنبار شەهید بوون.
بەیاننامەکە دەڵێ، شەهیدەکان چوار کەسن، دوانیان پلەیان نەقیب و دوانیشیان پلەیان عەریفە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "شەهیدەکان دوو پلە لە پلەی خۆیان بەرز کراونەتەوە و مووچەی خانەنشینییان بۆ خەرج دەکرێ"، ئەویش لەبەر، بەگوتەی بەیاننامەکە، دلێری و هەڵوێستی قارەمانانەیان.