Mazın Asad,1 23
21 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی لێکتێگەیشتنی تورکیا و ئەمریکا لەبارەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە منبج و رۆژھەڵاتی رووباری فورات رایگەیاند "لەم قۆناغەدا دوای منبج نۆرەی شارەکانی دیکە دێت. تەنھا منبج یاخود کشانەوەی یەپەگە لە منبج بەس نییە".
چاوشئۆغڵو لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لیسۆتۆ، لیسیگۆ ماکگۆسی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی ساز کرد.
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا لە نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ کشانەوەی پەیەدە/یەپەگە لە رۆژھەڵاتی فورات لێکتێگەیشتنێک ھاتووەتە ئاراوە، چاوشئۆغڵو گوتی: "سەرەتا ئەوە بڵێم روونکردنەوە لەسەر "گەیشتن بە رێککەوتن" بکەین. چەندین جار لە گفتوگۆ و روونکردنەوەکانمان جەختمان لەمە کردووەتەوە. دەڵێین گەیشتین بە لێکتێگەیشتن. ئەم لێکتێگەیشتنەش، دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە لە سووریا و بە تایبەتیش لە منبج و رۆژھەڵاتی فورات. ئەمە لەگەڵ کێ دەکەین؟ لەگەڵ ئەمریکا. ئەمەمان لە میانی سەردانەکی تیلەرسن بۆ ئەنقەرە گوت. نەمانگوت رێککەوتنێک کراوە، بەڵکو گەیشتووین بە لێکتێگەیشتنێک. ئەوکات لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتم "رێککەوتن" بەڵام دواتر بە "لێکتێگەیشتن" راستم کردەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی پێکھێنانی سێ گرووپی کار و کۆمسیۆن گەیشتن بە رێککەوتن. ئامانجی گرووپەکانی کار دیارە. ئامانجی یەکێکیان، دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە کە لە منبج دەست پێ دەکات و بەشێکی دیاریکراوی سووریا دەگرێتەوە. ئەمە چۆن دەبێت؟ لێرەدا چوارچێوەیەک ھەیە و لێکتێگەیشتنیش ھەیە. سەرەتا یەپەگە لەم شوێنانە دەکشێتەوە. بۆ نموونە لە منبج دەکشێتەوە. کێ ئەم شوێنانە بەڕێوە دەبات؟ کێ ئاسایشی ئەم شوێنانە دەستەبەر بکات، لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەوان کار دەکەین".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر گۆڕانکاری لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەکرایە، ئەوا لە ١٩ی ئادار سەردانی ئەمریکای دەکرد و گوتی: "ئەوکات دوا خاڵمان لەسەر نەخشەڕێگایەک دیاری کردبایە، ئەوا رێککەوتنێک دەکرا. لێرەوە ھاوڕێکانمان کاری خۆیان کرد، بەڵام دەبێت خۆمان خاڵی کۆتایی دابنێین".
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە، ئومیت یاڵچین سەردانی ئەمریکا دەکات و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا ئەگەر لە دوا خاڵدا نەخشەڕێگای گرووپی کاری ئێمە لەسەر رێککەوتنێک کۆک بن ئەو کاتە دەتوانین بڵێین 'لێکتێگەیشتووین'. ئێستا 'لێکتێگەیشتن'ێک ھەیە. ئەمریکییەکانیش داواکارییان ھەیە. تەنھا منبج بەسە؟ نەخێر. بەر لە منبج یەپەگە (دەبێت) بچێتە دەرەوە و سەقامگیری ئەوێ بگرێتەوە. خەڵکی منبج ئەوێ بەڕێوە ببەن و ئاسایشی ئەوێ بپارێزن. ئێمەش یارمەتیان دەدەین. مۆدێلی منبج لە ناوچەکانی دیکەش و ئەو شوێنانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدان جێبەجێ دەکەین".
چاوشئوغڵو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا نایەوێت لەوبەری سنوورەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ببینێت و ئاماژەی بەوەدا بۆ ھێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکە پێویستە یەپەگەی لێ نەمنێنێت و گوتی: "ناڵێین ئەو شارانەی کوردی لێ دەژین با خوشک و برا کوردەکانمان بەجێی بھێڵن. دەڵێین نابێت یەپەگە لەوێ بێت. لەم پرۆسەیەدا دوای منبج سەرەی شارەکانی دیکە دێت. تەنھا منبج و کشانەوەی یەپەگە لە منبج بەس نییە. ئەم کارانە لە روانگەی پاراستنی یەکپارچەیی و سنووری سووریا کاری گرنگن".