Mazın Asad
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
نیویۆرک - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش لەبارەی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی رایگەیاند: "پێمانوایە ئیدارەی ئەمریکا پەیوەندی بە کودەتاکەوە نییە، بەڵکو فەتحوڵڵا گولەن لێ بەرپرسیارە. داواکاریی ئێمە لە ئیدارەی ئەمریکا، یان رادەستکردنەوە یاخود دەستگیرکردنییەتی تاوەکو تەواوبوونی قۆناغی رادەستکردنەوە".
کورتوڵموش لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پەخشی راستەوخۆی کەناڵی سی ئێن ئێن، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندیی ئەمریکا بە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، کورتوڵموش گوتی: "بەڵگەنامەی بەھێزمان ھەیە لەبارەی پەیوەندی گولەن بە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز کە لە پانسیلڤانیا دەژێت. گرووپێکی سەربازیی نێو سوپا ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەیان دا، بەڵام ئازایەتی و بەرھەڵستکاری گەل دیموکراسی تورکیای رزگار کرد. بەڵگەنامەیەکی زۆرمان لەبارەی پەیوەندی کودەتاچییەکانی نێو سوپا لەگەڵ فەتحوڵڵا گولەن لەبەردەستە".
لە وەڵامی پرسیارێک کە "تورکیا پێی وایە رۆڵی ئیدارەی ئەمریکا کودەتاکەدا نییە؟" کورتوڵموش گوتی: "نەخێر. پێمانوایە ئیدارەی ئەمریکا پەیوەندی بە کودەتاکەوە نییە، بەڵکو فەتحوڵڵا گولەن لێ بەرپرسیارە. داواکاریی ئێمە لە ئیدارەی ئەمریکا، یان رادەستکردنەوە یاخود دەستگیرکردنییەتی تاوەکو تەواوبوونی قۆناغی رادەستکردنەوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە دوو کۆمسیۆنی یاسایی لە نێوان ئەمریکا و تورکیا پێکھێنراوە و ھەردوو لا سەر بابەتەکە کار دەکەن و راشیگەیاند بەڵگەنامەیەکی زۆر بە بەرپرسانی ئەمریکا داوە و دۆسییەکان گەیشتووەتە دەستی بەرپرسانی یاسایی ئەمریکا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا بەرەنگاربوونەوەی تورکیا دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، وەک پێویستە یاخود نا؟" کورتوڵموش لەوبارەیەوە گوتی: "تورکیا یەکێکە سەرەکیترین وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. رێکخراوێکی تیرۆریستی زۆری وەک داعش و پەکەکە و پەیەدە و ھەندێک لە گرووپە توندڕەوە مارکسیتەکان ھەیە کە تورکیا دەکەنە ئامانج کە لە نێوانیاندا رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچیش ھەیە. لە مانگی تەمووزی رابردووەوە سێ رێکخراوی تیرۆریستی تورکیایان کردە ئامانج و ھەڕەشە لە سنوورەکان دەکەن. تورکیا ھەوڵی پاراستنی سنوورەکانی دەدات. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، پشتگیری لوجیستیکی بۆ سوپای سووریای ئازاد دابین دەکەین کە ئۆپۆسیۆنی میانڕوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا تیشکی خستە سەر قەیرانی پەنابەران و ئاماژەی بەوە دا کە پێنج ساڵە تورکیا رووبەڕووی لێشاوی پەنابەرانی سووری بووەتەوە و بەم پێیەش مێوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکات و راشیگەیاند رەنگە ئەو ژمارەیە یەکسان بێت بە وەرگرتنی پەنابەران بۆ ٥٠ ساڵ لە لایەن ئەمریکاوە.
کورتوڵموش لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بارگرانییەکی زۆری بەھۆی پەنابەرانەوە لەسەرە، بەڵام وڵاتەکەی پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ گەلی سووریا ھەیە و بۆیە تورکیا دەرگاکانی بۆ پەنابەرانی سووری کردووەتەوە و راشیگەیاند تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار بۆ پەنابەرانی سووری خەرج کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە چارەسەر نەکردنی قەیرانی سووریا، کۆتایی بە لێشاوی پەنابەران بۆ تورکیا و ئەورووپا ناھێنێت.