سلێمانی
ئەمڕۆ شەممە لە چەند ناوچەیەكی جیای شاری سلێمانی چەند خۆپیشاندانێك ئەنجامدران و بەشێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی هەردو دەروازەی سهرهكی شاری سلێمانی داخران.
لە سەر ڕێگای سەرەكی تاسلوجە سلێمانی و ههروهها عەربەت سلێمانی كە دوو دەروازەی سەرەكی شارەكەیە، شۆفێران و جوتیاران لە هەشت شوێنی جیادا دەستیان بەخۆپیشاندان و گرتنی ڕێگا سەرەكییەكان كرد.
خۆپیشاندانەكان ماوەی دوو سەعاتیان خایاند و لەو ماوەیەدا هەزاران ئۆتۆمبیلی جۆراوجۆر بەهۆی داخرانی ڕێگاكانەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆ بونەوە و هێزەكانی پۆلیسی هاتوچۆش ئەركێكی سەختتریان ئەنجامدا بە كەمكردنەوەی ئەو قەرەباڵغیە زۆرەی لە شەقامەكاندا دروست ببوو.
شۆفێران بەهۆی پەیڕەو كردنی سیستمی دابەشكردنی بەنزین لە ڕێگەی كۆبونەوە نیگەرانن و لە چەند وێستگەیەكی دابەشكردنی بەنزین ڕژانە سەر شەقامەكان، ئەوان نیگەران بون لە بەردەوامی قەیرانی بەنزین و ڕێگاچارەكانی لایەنی بەرپرس كە بەگوتەی شۆفێران هێندەی تر قەیرانەكەی ئاڵۆزتر دەكا.
هەروەها لەو جێگایانەی تەرخان كراون بۆ دابەشكردنی كۆبۆنی وەرگرتنی بەنزین ، قەرەباڵەغییەكی زۆر هەیە و شۆفێران بۆ چەند سەعاتێك لە نۆرەدا دەمێننەوە.
جوتیارانیش لە ناو سایلۆی سلێمانییەوە ڕژانە سەر ڕێگای سەرەكی دەروازەی سلێمانی و رێگا سەرەكییەكەیان داخست.
ئەو جوتیارانە دەڵێن ماوەی چەند ڕۆژە لە سایلۆی سلێمانی ماونەتەوە و گەنمەكانیان لێوەرناگیرێ، ئەوەش جگە لە هیلاكی و ماندوبوونی زۆری جوتیاران، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەوان و بۆ هەر شەوێك مانەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان پێویستە بڕی 50 هەزار دینار بدەن بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكان.
ئاماژە بەوەش دەكەن كه پێشتر ڕۆژانە 100 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گەنم وەرگیراوە، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە كەمتر لە 50 ئۆتۆمبێل وەردەگیرێ و دەنگۆی ڕاگیرانی وەرگرتنی گەنمیش هەیە.
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی جەمال ئیسماعیل بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی: "سایلۆی سلێمانی توانای وەرگرتنی بڕێكی كەم گەنمی هەیە و تا ئێستا بڕی 115 هەزار تەن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە و شوێن لە سایلۆكەدا نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕێكی زۆر گەنم ماوە لە جوتیاران وەربگیرێتەوە."
ئاماژەی بەوەی كرد كه بڕیاریانداوە لە سایلۆی پیرەمەگرونیش كە لە قۆناغی كۆتایی جێبەجێكردندایە دەست بەوەرگرتنی گەنم بكەن لە جوتیاران.
سلێمانی تاكە پارێزگای عێراقە كە تا ئێستا سایلۆی نییە، بۆ ئەمساڵ چاوەڕوان دەكرێ بڕی گەنمی بەرهەمهێنراوی جوتیارانی سنوری پارێزگاكە بگاتە زیاتر لە 200 هەزار تەن گەنم. بۆ ئەو مەبەستەش پێنج شوێنی سەرەكی لە سنوری پارێزگاكەدا بۆ وەرگرتنەوەی گەنم لە جوتیاران تەرخان كراوە.