Hawkar Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر لە لێدوانێکدا رایگەیاند "شاندەکە لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازیی و ئەمنیی وەزارەتی پێشمەرگەیە، دوای چەندین كۆبوونەوە لەنێوان هەردوولا، بەئامانجی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق دەچینە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی سەربازیی و ئەمنیی وەزارەتی بەرگریی عێراق (فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان) كۆدەبینەوە".
دەربارەی تەوەری گفتوگۆکانیش جەبار یاوەر گوتی: "گفتوگۆكان لەسەر سێ بابەتی سەرەكی دەبێت، یەكەم دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، دووەم دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی بەرگریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، سێیەم ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژبە داعش، ئەمانە هەمووی لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك، دیالە و نەینەوا دەبێت".
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە شەش ناوەند پێکدێت، دوو ناوەندیان سەرەكین یەكێكیان لە بەغدا و یەكێكیش لە ھەولێر دەبێت، چوار ناوەندی دیكەش لە كەركووك، دیالە، مەخموور و مووسڵ دەبن.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لە هەموو ئەو شوێنانە دەبن كە زانیاری ھەیە داعش بنكە و بارەگای داناوەتەوە و جموجۆڵیان ھەیە.
هەموو ئەم خاڵانەش پێشتر چەند جارێک گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بڕیار لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەش دەدرێت و دەستدەکرێت بە هەنگاوی کردەیی هاوبەش.