Dlshad Saifaalddin Ahmed
05 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواین قۆناغی گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە شاری سلێمانی و، سەرەتا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد کە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە لەسەر ھەڵوێستەکانیان لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا شۆڕش حاجی گوتی: "پێمان وایە لەم ھەلومەرجەی ھەرێم و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت تا زووتر حکوومەت پێکبێت لەبەرژەوەندی خەڵک و بازاڕ و فەرمانبەر و مووچەخۆراندایە، ئێمە لەبەردەم ئەم دۆخەی ھەرێمی کوردستان کە لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاری گەورەدایە، دەبێت وەک ھێزە سیاسییەکان یەکگرتوو و یەکھەڵوێست بین بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم و ئەو ئەزموونەی ھەمانە بتوانێت خۆی لەبەردەم ھەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان بگرێت".
شۆڕش حاجی گوتیشی: "ئێمە جەختمان کردووەتەوە لەوەی پاکێجی سەرەکی و، خاڵی ھەرە سەرەکی لەو رێککەوتنەی کردوومانە بابەتی چاکسازییە لە ھەموو جومگەکانی دەسەڵات، کارگێری و حکومڕانی لە ھەرێم، لە ناویاندا بەنیشتمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە و ھێزکانی ناوخۆ و بێلایەنکردن و سەربەخۆیی سیستەمی دادوەرییە لە ھەرێمی کوردستان، لەلای ئێمە پلە و پۆستێک ناکرێت رێگربێت لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەتدا، ئەوەی کە ئەرکی نیشتمانی ھەموو لایەکمانە ئەوەیە دەبێت پەلە بکەین لە پێکھێنانی حکوومەت بۆ ئەوەی چاکسازی و پاکێجەکانی چاکسازی جێبەجێ بکەین و ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێم بە نیشتمانی بکەین و کارێک بکەین لەبەرژەوەندی خەڵک و بازاڕ و مووچەخۆراندا بێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد گوتی: "سەردان و کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لە درێژەی ئەو کۆبوونەوانەیە کە پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەبووە و زووتر رێککەوتنمان لەسەر ھەموو ئەو بابەتانەی پێوەندی بە ھەردوولاوە ھەبووە ئەنجامداوە و، کۆبوونەوەکانمان لەو کاتەوە کۆتایی پێھاتووە، بەڵام لە دواجاردا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە کەوتینە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی پۆستەکان ئەوکات پەیوەندییەک پەیدا بوو لەسەر ئەو داواکارییانەی کە یەکێتیی دەیکرد لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کردبوومان، بە سوپاسەوە بزووتنەوەی گۆڕان تەفەھومی دۆخەکەی کرد بۆ زوو پێکھاتنی حکوومەت و، چارەسەرکردنی کێشەکان و، بەو داخوازییە رازی بوو، ئەوەش جێگای سوپاس بوو".
مەحموود محەمەد گوتیشی: "لەسەرەتای گفتوگۆکانمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، نزیکبوونێکی زۆرمان ھەبوو لەسەر کۆمەڵێک لەو پاکێجانەی کە لەھەردوولاماندا ھەبوو، پێمان وایە ئەم قۆناغە پێویستی زیاتری بە ھەموو لایەنەکان ھەیە بۆ ئەوەی کە بەشداربن بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو لایەنەکان، لەو روانگەیەش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان زۆر بە زوویی گەیشتینە رێککەوتن".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە درێژەکێشانی پێکھێنانی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ویستوویانە پێکھێنانی حکوومەت بە لێکتێگەیشتنی ھەرسێ لایەن لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان بێت نەوەک بە سەپاندنی لایەک لەسەر لایەکی دیکەدا یان لایەنێکی تر بە ناڕازییەوە داواکارییەکان وەربگرێت، ئومێدیشی خواست لە رۆژانی ئایندەدا پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەکە کە لە پڕۆسەی دەنگدان و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم دەست پێدەکات تا دەگاتە راسپاردنی بەربژێریان بۆ پێکھێنانی حکوومەت کارەکان ئەنجام بدرێت".
مەحموود محەمەد لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا گوتی: "چەندی رێکارە یاساییەکان رێگا بدات هەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت بەرەو پێشەوە دەچێت و راناوەستێت، لە رۆژی سێی مانگی رابردووەوە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی لەسەر پۆستەکان تەواوکرابوو بەڵام واژوو نەکرابوو، ئەمڕۆ بۆ ئەوە ھاتووین کە ئەگەر ئەو رێكکەوتنە ئامادە بێت ئەویش کۆتایی پێبهێنین، ئێستا شاندی یەکێتیی لە کۆبوونەوەدان و لیژنەی ھەردوولا لە ھەماھەنگیدان بۆ تەواوکردنی ئەو بابەتە و، ئومێد دەکەین ھیچ خاڵێکی تازە نەیەتە ناوەوە و، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابێت پڕۆسەکە دوادەخات".
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستی کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بۆ دیاریکردنی کارنامەی حکوومەت کە چی تێدا بێت، تاوەکو روانگەی ھەرسێ لایەنەکە لە کارنامەکەدا ھەبێت.
لەلای خۆیەوە گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد کە حزبەکەی لیژنەیەکی دیاریکردووە بۆ چاوخشاندنەوە بەو سیڤییانەی پێشکەشیان کراوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی بەر گۆڕان دەکەوێت.
لەسەر پرسی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە کابینەی نوێی حکوومەت، گوتەبێژەکەی گۆڕان باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە شاندی پارتی کردووە سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی بکەن و بۆ ئەوەی حزبەش بەشداری کابینەی حکوومەت بکات، بەڵام لە بەرامبەردا گوتەبێژەکەی پارتی گوتی کۆمەڵی ئیسلامی تائێستا خۆیان ساغ نەکردووەتەوە لەسەر بەشداری کردنییان لە حکوومەت.