Cemal Sargati
26 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2017
سلێمانی
لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری مووسڵ، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی تۆری میدیای رووداو شەھید بوو، و وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.
بۆ دەربرینی ھاوخەمی ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسانی شاری سلێمانی پەرلەمانتاران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی سەردانی نوسینگەی سلێمانی تۆری میدیایی رووداویان کرد و مۆمی ھاوخەمیان داگیرساند.
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، کاروان ئەنوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "خەمبار و دڵگرانین بەرامبەر بە شەھیدبوونی ئەو خانمە ڕۆژنامەنووسە، ھەروەھا ئێمە خۆمان بە کەمتەرخەم دەزانین کە تا ئێستا نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە، خولی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان بکەینەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی ڕووماڵکردنی بەرەکانی شەڕ بتوانن بە شێوەیەکی باش و بێ مەترسی لەسەر ژیانیان، ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەین".
گوتیشی: "دەبوایە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان پۆشاکی تایبەتمان بە ڕۆژنامەنووسان دروست بکردایە ،و ھەروەھا داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە کە پۆشاک پێداویستی رۆژنامەنووسانی بەرەکانی جەنگمان بۆ دابین بکەن بەڵام بەداخەوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە، نەچۆتە بواری جێبەجێ کردن".
لای خۆشیەوە رۆژنامەنووسی شاری سلێمانی ژاڵە موحەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من زۆر غەمبار بووم کە ھەواڵی شەھید بوونی خاتوو شیفا گەردیم پێگەیشت بەڕاستی کەلێنێکی گەورە لە میدیایی کوردی دروست بوو ،بەڵام لە ھەمان کاتدا شانازی دەکەم کە ئەو ژنە رۆژنامەنووسە لەکاتی کاری رۆژنامەنوسیدا شەھید بووە".
ژاڵە ئاماژەی بەوە کرد"ئێمە وەک رۆژنامەنوسانی ژنان درێژە بە پەیامەکەی شیفا گەردی دەدەین لە رێبازەکەی بەردەوام دەبین".
شیفا زکری ئیبراھیم، ناسراو بە شیفا گەردی، لە ١-٧-١٩٨٦ لە ئاوارەیی لە ئێران لەدایکبووە.
لە ساڵی ٢٠٠٦ پەیمانگای تەکنیکی بەشی کۆمپیوتەری تەواوکردووە،لە ساڵی ٢٠١٣ بەشی راگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٧ تاوەکو ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی کاری مامۆستایەتی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە، لە سەرەتای دامەزاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو دەرکەوتووە.
شیفا بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپووتی رووداو بوو،لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەرنامەی فۆکەس مووسڵی پێشکەش دەکرد، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و راپۆرتی دەکرد.