ھەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان چەند داواکاریەکیان لە یادی ئەنفال ئاراستەی وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەری کرد.
لەو گردبوونەوە دروشمی "تاوانەکانی ئەنفال لە سەرووی یاسا و دادگانەوەیە، شەرمە مووچەی پەرلەمانتار و سەرۆکی ھەرێم و وەزیرەکان چەند قات زیاتر بێت لە مووچەی بنەماڵەی شەھید و ئەنفالکراون"، بەرزکرابوونەوە.
ھەروەھا ئامادەبوان یاداشتێکیان ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان کرد و تیایدا داوایان لە سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزیری شەھیدان کردووە کە تومەتبارانی کەیسی ئەنفال راپێچی بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بکەن.
ھەروەھا دوایان لە ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کودستان کرد کە: "بە پەلە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکەن کە ماوەی چوار ساڵە ئەم کەیسە لە ئەرشیف لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆزی لەسەر نیشتووە و ھەروەھا بەشێکی ئەو تومەتبارانە ئێستا خاوەن پلە و پایەی حزبی و حکوومین و مووچەی پاسەوانەکانیان بۆ دابین دەکرێت".