ھەولێر
لە هەولێر زانایانی ئایینی ئیسلام گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم مزگەوتی سەواف رێكخست و داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكانی ئایینی بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە كرد".
زانایانی ئایینی دروشمی: "نا نا بۆ گواستنەوە، بەڵی بۆ قوتابخانە ئایینەكان سەر بە وەزارەتی ئەوقاف، بەڵی بۆ ئاشتی بەڵی بۆ ئارامی بەڵی بۆ ئاسایش، قوتابخانە ئایینیەكان ئاشتی و ئارامییە بۆ كوردستان، حوجرەكانی كوردستان سیمای دینداری گەلی كوردستانە".
لە گردبوونەوەكە مەلا ئیبراهیم هەرشەلی بۆ ئامادەبوان گوتی: "ئەو قوتابخانانە پرسی ئایندەی زانستی شەرعین لە ھەرێمی كوردستان و جیھان. ئێمە بێ لایەنین و ئامانجی ئەو گردبوونەوەیە تەنیا بۆ داكۆكی كردنە لە مانەوەی قوتابخانە ئایینیەكان كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە سەر پێشنیازی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی خراونەتە سەر وەزارەتی پەروەردە و ھێوادارین حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێداچونەوە لە پرسەکە بكات"
ھەروەھا لەو گردبوونەوەیەدا بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە کە تێیدا ھاتووە "ئەم بڕیارە پێچەوانەی بڕیاری پەرلەمانە لە ساڵی ١٩٩٢وە و ھەروەھا ئەم بڕیارە زۆر بەخێرایی پێپەڕێنراوە و بەبێ پرسی لایەنەكانی ئەم دامەزراوانە بووە و ھەروەھا پێمانوایە كە ئەم پرسە پێویستی بە سیمنار و ووركشۆپی تایبەت ھەیە".
ھەروەھا لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "ئەمە ھەوڵدانە بۆ نەھێشتنی حوجرە و كەم كردنەوەی رۆلی مزگەوت و رێ بۆ تێرۆریستان خۆش دەكات تا بە كافرمان بزانن و خوێنمان حەڵال بكەن و زیاتر دەرگای تیرۆر بكرێتەوە كە ئەمەش جێگەی قەبووڵ نییە".
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ھاتووە: "ئەگەر سەرۆكی ھەرێم و سەركردە دڵسوزەكانی ھەرێمی كوردستان بەدەنگ داواكەمانەوە نەهێن و ئەم بڕیارە ھەڵنەوەشێننەوە ئەوا ھەموو رێگایەك یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر"