Mohammed Baqi Hussein
01 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
بەرپرسانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی شاری ئیدۆمێنی رایدەگەیەنن كە لە سنوورەكەدا كەمپێکی نوێ دروست دەكرێت بەڵام ئەو كەمپە چارەسەرێكی كاتییە و پێویستە وڵاتانی ناوچەكە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی پەنابەران بڕیارێكی هاوبەش بدەن.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە كە زیاتر لە 8 هەزار پەنابەر لە كەمپی ئیدێمێنی لەچاوەڕوانیدان و بەهۆی قەرەباڵغیی كەمپەكەوە تەنانەت دابەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكانیش سەختە.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە پەنابەران لە خیووەتەكاندا جێگایان نابێتەوە و لەسەر بەرد و زەوی بەتانی لەخۆیانەوە دەئاڵێنن و دەخەون.
پەنابەران كە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا دەدەن، لە رێگەی دەریاوە خۆیان دەگەیەننە یۆنان، لەوێشەوە دەچنە مەقدۆنیا و دواتر لە سڕبیا و سلۆڤینیاوە بەرەو رۆژئاوای ئەورووپا دەڕۆن.
بڕیاری كەمكردنەوەی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپاوە، بۆتە هۆی دەركردنی بڕیاری هاوشێوە لەلایەن وڵاتانی دیكەی سەر رێڕەوی وڵاتانی بەڵقان. لەكاتێكدا مەقدۆنیا رایگەیاندووە كە رۆژانە ناتوانێت زیاتر لە 300 پەنابەر وەربگرێت، لێشاوی پەنابەران بەرەو یۆنان بەردەوامە و رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووندایە.