ھەولێر
حوسێن یەزدانپەنا، جێگری سەرۆکی (پارتی ئازادی کوردستان - پاک) ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA دەڵێ ئەوان زانیاریی سەلمێنراویان ھەیە دوو مانگ لەمەوبەر (قاسم سولێمانی) فەرماندەی قەرارگەی قودس لەسوپای پاسدارانی ئێران، لەسەردانی ھەرێمی کوردستان کردووەو کۆششی کردووە تاکاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان قەناعەت پێ بێنێ لەخاکی ھەرێمەوە کۆمەکی سەربازیی بگەیەنرێتە سوریاو بەشار ئەسەد.
بەڵام کاربەدەستانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەڵێن ھیچ زانیارییەکی وایان لەبەردەستدا نییە کە نیشانی بدا کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی ھەبووە لەو تەقینەوانەی شاری ھەولێردا.
بارەگای سەرەکی پارتی ئازادی کوردستان لەشاری ھەولێرەو یەکێکە لەحیزبە چەکدارە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کوڕی (قازی محەمەد) سەرکۆماری پێشووی کوردستان لەمەھاباد سەرۆکایەتیی دەکات.
یەزدانپەنا لە بارەگای خۆی لەشاری ھەولێر قسەی بۆ AA کردو بەبێ دوو دڵی گوتی "بەپێی زانیاریی و لێکدانەوەکانی ئێمە، ئێران لە پشت تەقینەوەکەی ھەولێرەوەیە، زانیارییەکانی ئێمە کە لەنێو دەزگا ئەمنییە ھەستیارەکانی ئێرانەوە بەدەستمان گەیشتوون نیشانی دەدەن قاسم سولێمانی دارێژەری پلانی تەقینەوەکەی ھەولێرەو ئەوانەیشی جێبەجێیان کردووە مەرج نییە ئێرانی بن، ئەوە شتێکی روونە زیاتر پەیامێکی سیاسی بوو نەک مەبەستی کوشتوبڕ بێ لەھەرێمی کوردستان".
جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان بەو جۆرە شرۆڤەی نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئێران دەکات لەھەرێمی کوردستان " ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول لەھەرێمی کوردستان بەدڵی ئێران نەبوو، ئێران دەیویست لەو ھەڵبژاردنەدا ھاوسەنگی ھێز لەکوردستان تێکبچێ و سەرۆکی ھەرێم و پارتی پەراوێز بخرێن، ھەروەھا رێککەوتنامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە عەمەلی ھەڵوەشێتەوە".
یەزدانپەنا لەبارەی سەردانی قاسم سولێمانی بۆ ھەرێمی کوردستان کە میدیاکانی ئەمریکا پێشتر رایانگەیاندبوو، ئاماژەی بەوەدا سەردانەکە دوو مانگ لەمەوبەر بووە " قاسم سولێمانی دوو مانگ لەمەوبەر ھاتووەتە ھەرێم و لەگەڵ کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە، سولێمانی داوای لێکردوون لەرێی ھەرێمەوە ئەندامانی سوپای قودس لەگەڵ چەک و تەقەمەنی بۆ سوریا بنێردرێ، بەڵام بەرپرسانی ھەرێم ئەمەیان رەتکردووەتەوە، ئێرانیش تۆڵەی کردەوە لە ھەرێمی کوردستان لەپای قسە شکاندنی سولێمانی".
یەزدانپەنا دەڵێ دەوڵەتی ئێران زیاتر لە ١٠ بنکەی ھەیە بۆ" پەروەردەکردن و راھێنانی کەسانێک کە کاری تیرۆریستیان پێی ئەنجام دەدا، دیارترینیان سەربازگەی ئیمام عەلییە لە تاران، مەرج نییە ئەوانەی تەقینەوەکەی ھەولێرییان ئەنجامدا ئێرانی بن، چونکە لەو سەربازگانە خەڵکی چەندین رەگەزنامەی جیاجیان تێدایە ".
تا ئێستا بەڕەسمی ھەرێمی کوردستان ھیچ شتێکی لەبارەی تەقینەوەکانی شاری ھەولێرو تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران رانەگەیاندووە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ وەرگرتنی لێدوانی کاربەدەستانی کونسوڵخانەی ئێران لەھەولێر پەیوەندیی بەو کۆنسوڵخانەیە کرد، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی سەرکونسوڵگەرو ھیچ کاربەدەستێکی رێپێدراو بۆ لێدوان، قسەیان نەکرد.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر (عیسمەت ئەرگوشی) گوتی " ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھیچ زانیاریەکی لەو جۆرەی لەبەردەستدا نییە کە ئێران دەستی ھەبووبێ لەپلاندانان و ئەنجامدانی دا، تا ئێستا ئەوەی بەڕەسمی بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی ھەولێری خستووەتە ئەستۆی، دەوڵەتی ئیسلامییە لەشام و عێراق".
ئەرگوشی ھەروەھا گوتی " بەڵگەی سەلمێنراومان نییە تا نیشانی بدا کە دەوڵەتی ئیسلامی لەشام و عێراق ئەو تەقینەوەیان ئەنجامدابێ".