Muhammet Ali Kemal
05 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2017
مەدرید- AA
دوای ئەوەی لە وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧دا بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید جامەکەی لە شەقام و گۆڕەپانەکانی مەدریددا و لە یاریگادا گێرا و لەگەڵ هەزاران لە هاندەرانی یانەکەدا ئاهەنگی گێڕا.
بە پاسێک کە بەشی سەرەوەی کراوەبوو و لەسەری نووسرابوو ''پاڵەوانەکان'' ریال مەدرید جامەکەی بە شاردا گێڕا و هەوادارانیشی بە خۆشەویستییەوە و لە خۆپیشاندانی بەرفراواندا یاوەری پاسەکەیان کرد.
یاریزانانی یانەکە وەک هەر جارێکی دیکە کە جامێک دەبەنەوە، سەردانی ئیدارەی مەدرید و شارەوانی شارەکەی کرد و دواتر بە یاوەری دەستەی راهێنەرایەتی و بەڕێوەبەرانی یانەکە، چوونە گۆڕەپانی سیبێلێس. بەدەم گوتنەوەی ''پاڵەوان، پاڵەوان'' لە لایەن هاندەرانەوە، هەریەک لە کاپتنەکانی ریال مەدرید، سێرجیۆ رامۆس و مارسێلۆ ئاڵا و ملپێچی یانەکەیان بە مۆنومێنتی سیبێلێسدا هەڵواسی.
دوایین وێستگەی ئاهەنگەکانی یانەی شاهانە، یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو کە توانای گرتنی ٨٢ هەزار کەسی هەیە و لە لایەن هاندەرانەوە تەواوی یاریگاکە پڕکرابوویەوە. هاندەران بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان کرد لەهەریەک لە یاریزانانی یانەکە و دەستەی راهێنەرایەتی کە یەک لەدوای یەک بانگ کرانە یاریگاکە.
هەریەک لە کاپتنی یانەکە سێرجیۆ رامۆس بە جامی یانە پاڵەوانەکان و کاپتنی دووەم مارسێلۆ بە جامی خولی ئیسپانییەوە هاتنە ناو یاریگا. هاوکات هاندەران خۆشەویستییەکی تایبەتییان بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدەم گوتنەوەی ''کریستیانۆ، تۆپی ئاڵتوونیی''ەوە دەربڕی. ئەویش لای خۆیەوە جامەکەی پێشکەشی ئامادەبووانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرد.
لای خۆیشییەوە راهێنەری فەڕەنسی، زەینەدین زیدان رایگەیاند ''سوپاسی یەکە بەیەکەتان دەکەم بۆ ئەو باوەڕەی بە ئێمە هەتانبوو. خوازیاری ئەوەین جامی زیاتر بەرینەوە''.
ئاهەنگەکە بە گێڕانی جامەکە بە یاریگاکەدا لە لایەن یاریزانانەوە و بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان، کۆتاییهات.